زایەڵە ـ دوای چه‌ند ساڵ بێده‌نگی، ئه‌لبوومی "شاعیری ونبوو" (شاعر گمشده) بە ده‌نگی گۆرانبێژی ناوداری کورد مامۆستا "شه‌هرام نازری" و به ئاوازدانەری "ئەڕه‌شک ڕه‌فیعی" له‌سه‌ر شیعره‌کانی "م . ئازاد" به‌ زوویی بڵاوده‌کرێتەوە.

ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده موزیکزانه له ساڵانی ڕابردوودا، چه‌ندین به‌رهه‌میان به بۆنه‌ی ڕێزلێنان و بیرئانینی باوکی شیعری نوێی "نیما یووشیج" پێشکه‌ش کردبوو. 

تیتراژی کۆتایی فیلمی سینه‌مایی "ئێران بێرگێر" به ده‌نگی مامۆستا "شه‌هرام نازری" و به ئاوازدانەری "ئەڕه‌شک ڕه‌فیعی" له ساڵی ٢٠١٥ خه‌ڵاتی ته‌ندیسی "حافز"ی باشترین گۆرانی له پازده‌یه‌مین خولی جه‌ژنی سینه‌مایی "دنیای ته‌سویر"ی به‌ده‌ستهێنابوو.

له هاوکارییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه؛ ده‌توانین ئاماژه به گۆرانی "گه‌ڵاڕێژان" (برگ ریزان) به شیعری "مه‌حموود موشرف ئازاد تێهرانی" به نازناویی "م . ئازاد" بکه‌ین که دوای کاره‌ساتی دڵته‌زێنی بۆمه‌له‌رزه‌ی کرماشان له مانگی خه‌زه‌لوه‌ری ساڵی ٢٠١٧ به خه‌ڵکی لێقه‌وماوی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی کوردستان پێشکه‌ش کرا و هه‌روه‌ها گۆرانی "گیانی گیانم" (جان جانم) به شیعری "ئەڕه‌شک ڕه‌فیعی" که له هاوخه‌می له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی کاره‌ساتی دڵته‌زێنی فڕۆکه‌ی ئۆکڕاینی له ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکرایه‌وه.

هەواڵ و فۆتۆکان: مەنسوور جیهانی