زایەڵە - ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت:  بەرپرسانی بانكی ناوەندیی عێراق بەڵێنیانداوە كە ئۆفیسێكی بانكی ناوەندیی عێراق لە سلێمانی بكەنەوە بەوەش  هاوڵاتییان هاوشێوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سوودمەنددەبن لە وەرگرتنی ئەو قەرز و پێشینانەی كە دەدرێتە هاوڵاتییان و مووچەخۆران.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی  عێراق بەزایەڵەی راگەیاند:  پێشتر وەكو لیژنەی دارایی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق٫كۆبوونەوەیەكمان كرد و نووسراوێكم ئاراستە كرد بۆ كردنەوەی لقێكی بانكی ناوەندیی عێراق لە سلێمانی.

وتیشی: دواتر سەردانی بانكی ناوەندیی عێراقم كرد و بەدواداچوونم بۆ نووسراوەكە كرد كە سەرۆك وەزیرانی عێراق نووسراوەكەی ئاراستەی بانكی ناوەندیی عێراق كردووە و پارێزگار و بەرپرسانی بانكی ناوەندیی عێراق رایانگەیاند، "ئەوان ئامادەن ئۆفیسێكی بانكی ناوەندی لە سلێمانی بكەنەوە كە هەمان كاری لقێكی بانكی ناوەندی لە سلێمانی بكات و راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە بانكی ناوەندییەوە.

ئەوەشی خستەڕوو:  بە كردنەوەی ئەو ئۆفیسەی لقی بانكی ناوەندی هاوڵاتییان و مووچەخۆران دەتوانن لە وەرگرتنی پێشینە و قەرزەكان كە دەدرێت هاوشێوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سوودمەندبن.

کامەران کەریم