زایەڵە - سەرچاوه سیاسی و دیپلۆماسییەکان ڕایانگەیاند که حیزبە دژبەرەکانی کوردستانی ئێران له ڕۆژانی داهاتوودا دوور دەخرێنەوە لە سنووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و ئێران بەرەو ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێم.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان حکومەتی ئێران و حکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، حیزبە دژبەرەکانی کوردستانی ئێران هەموو چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانیان ڕادەست دەكەن و لەگەڵ خێزانەکانیاندا ڕەوانەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەکرێن.
ئاشکرایان کرد، کە ڕێککەوتنی ئێران و عێراق دەچێتە بواری جێبەجێکردن لەگەڵ كۆتایی هاتنی ئەو شەش مانگەی کە پێشتر لە نێوان تاران و بەغدا دیاریکرابوو.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە رۆژی (2023/9/19)، دوا ڕۆژه بۆ كۆتایی هاتنی دۆسیەی پارتە دژبەرە كوردیەكانی ئێران، بەپێی رێكەوتنی نێوان عێراق و ئێران.
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان هاوتا ئێرانییەکەی لە تارانی پایتەختی ئێران کۆبوونەوە، هەردوولا تاوتوێی ڕێوشوێنەکانی ئەو ڕاپۆرتە ئەمنییەی نێوان عێراق و ئێران و چۆنیەتی بەهێزکردنی ئاسایشی هەردوو وڵات و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانیان کرد. هەروەها ئەعرەجی جەختی لە سووربوونی حکومەتی عێراق کردەوە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران له هەموو ئاستەکان. جێی ئاماژە پێكردنە ئەعرەجی ماوەیەك لەمەوبەر سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و چاوی بە بەرپرسانی هەرێم كەوت و تاوتوێی ئەو ڕێوشوێنانه کرد که هەرێم گرتویەتیە بەر له بارەی ئەو ڕێککەوتنەی كە لەگەڵ ئێران ئەنجامدراوە.
هەروەها شایەنی باسە، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق "محە+مەد شەياع سودانی" ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئەعرەجی واژۆکرد دوای ڕاوێژکردنی دوو قۆڵی کە چەند مانگێکی خایاند.
محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزە زەمینیەکان لە سوپای پاسدارانی ئێران پێشتر داوای لە عێراق کردبوو گروپە چەکدارەکانی دژ بە ئێران لە خاکەکەی دەربکات و جەختیکردەوە لە ئەگەری بەئامانجگرتن و بۆردومانکردنی بارەگای حیزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردیەكانی ڕۆژهەڵات لە چەند مانگی داهاتوودا ئەگەر پابەندی ڕێکەوتنەکەی نێوان هەردوو وڵات نەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد که ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ حکومەتی عێراق پێویستی به چەک داماڵین و كردنەدەرەوەی دەرەوەی گروپه (تیرۆریستییەكانە) له خاکی هەرێمی کوردستان.