زایلە - د. فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عیراق جەخت لەوە دەكاتەوە:  شتی وانییە بەغدا پارە بۆ موچەی مانگی 7 رەوانە نەكات، بەڵام سێ‌ گرفت هەن و پێویستە چارەسەر بكرێن وەك رادەستكردنی نەوت و داهات.

فازڵ نەبی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی:  هۆكاری نەناردنی موچە و پشكی هەرێمی كوردستان سێ گرفتی سەرەكین، یەكەمیان بابەتی رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمە لەگەڵ بابەتی داهاتە نانەوتییەكان و ئەو وشەیەی كە لە یاسای بودجەدا بە فیعلی ناوی براوە لەسەر هەرێمی كوردستان بووەتە گرفت.

رونیشیكردووەتەوە:  ئەوەی باسدەكرێت گوایە بەغدا ناردنی پارەی تەرخانكراوی بۆ موچەی فەرمانبەران نانێرێت هیچ بنەمایەكی نییە و ئومێد دەكەن لایەنی هەرێم بە دانوستان ئەو كێشانەی كە هەن چارەسەر بكات، چونكە لە یاسای بودجەدا غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كراوە.

هەر بە وتەی بریكاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عیراق، بەغدا پارە بۆ موچەی فەرمانبەران دەنێرێت، بەڵام بڕە پارەكەی یەكلانەكراوەتەوە و جگە لەوەش لە ماوەی رابردودا داوای چەند داتا و زانیارییەك لە هەرێم كرابوو.

کامەران کەریم