زایەڵە - بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی جەخت دەكاتەوە، نەك تەنها هەرێمی كوردستان، بەڵكو عیراق و بازاڕی نەوتیش بەهۆی راگرتنی نەوتی كوردستانەوە زیانیان پێگەیشتوە.
فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی لەچاوپێكەوتنێكیدا كە سایتی فەرمی حزبەكەی بڵاویكردۆتەوە رایگەیاندوە، هیچ لایەنێكی نیشتمانی و نێودەوڵەتی لەو چالاكییە سیاسی یان یاساییەی رابردو براوە نەبوە كە دواتر بوە هۆی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
وتوشیەتی: تەنها هەرێمی كوردستان لەڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت زەرەمەند نەبوە، بەڵكوو عیراق و بازاڕی نەوتیش بەهۆی بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسەوە زیانی داراییان پێگەیشتوە.
فازڵ میرانی باسی لەوەشكردوە، خەتای ئێمە نییە كە عەقڵییەتی ناوەندی لە حوكمڕانیدا نەگۆڕاوەو بەرژوەندییە حزبییەكان پێش بەرژەوەندییە كارگێڕییەكان دادەنرێت، ئەم چەندە بە رونی لە بابەتە كۆنەكەدا دەركەوت بە تایبەت لە دوای گۆڕینی رژێمی پێشوی عیراق، كەواتە عەقڵییەتی كۆن پەیوەندی خۆی لەگەڵ قۆناغی دوای ساڵی 2003 نەبڕیوە.