زایەڵە - به‌رپرسێكی ئێرانی ژماره‌ی ئه‌و زیاره‌تكارانه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ تا ئێستا گه‌یشتوونه‌ته‌ نێو خاكی عێراق به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن (ع).

غولام ره‌زا ئه‌بازه‌ڕی گوته‌بێژی لیژنه‌ی چله‌ی ماته‌مینی ئێران ڕایگه‌یاند: تا ئێستا 2 ملیۆن و 700 هه‌زار زیاره‌تكاری ئێرانی هاتوونه‌ته‌ نێو خاكی عێراقه‌وه‌، له‌و ڕێژه‌یه‌ش 2 ملیۆن و 200 هه‌زاریان ئێستا له‌ كه‌ربه‌لان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ژماره‌ی هاتنی زیاره‌تكاران‌ به‌رده‌وام ڕوو له‌ زیادبوونه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ ده‌روازه‌ سنووری و فڕۆكه‌خانه‌كان زیاره‌تكاری تری ئێرانی دێنه‌ نێو خاكی عێراقه‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاند: به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی و نه‌بوونی شوێنی مانه‌وه‌ی پێویست، داوا له‌ زیاره‌تكاران ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی زیاره‌ته‌كه‌یان ته‌واو كردووه‌ به‌زووترین كات بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شوێن بۆ زیاره‌تكارانی تر ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ڕێگه‌ن فه‌راهم بكه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ پێنجشه‌م عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ڕی وه‌زیری ناوخۆی عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه‌ تا ئێستا 2 ملیۆن و 250 هه‌زار زیاره‌تكاری بیانی له‌ ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ سنووری و فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ نێو خاكی عێراق ‌به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ مه‌ڕاسیمه‌كانی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن (ع).