زایەڵە - لە شارۆچكەی قەڵادزێی دەڤەری راپەڕین ماتۆڕسوارێك بە چەكەوە هێرش دەكاتە سەر سێ كەس و هەرسێكیان دەكوژێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "كاتژمێر 9ی ئەمشەو (پێنجشەممە لەسەر هەینی) تەرمی سێ كەس گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ بەناوەكانی (ع . ع) لەدایكبووی 1978، (م . هـ) لەدایكبووی 1973، پیشەی كاسب و (ٲ . ع) لەدایكبووی 1980، پیشەی كاسب، سەرجەمیان دانیشتووی قەڵادزێن و لە ڕەگەزی نێرن".
بەپێی راگەیەنراوەكە "دوای پشكنین و توێكاری بۆ تەرمەكانیان لە پزیشكی دادوەری قەڵادزێ، دەركەوت شوێنەواری فیشەك بەسەر جەستەی هەرسێ تەرمەكانەوە هەیە، لە ئێستادا هێزەكانمان لە پۆلیسی قەڵادزێ دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە بەمەبەستی زانینی هۆكاری راستەقینەی رووداوەكە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە."