زایەڵە - وەزیری دادی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، گەشبینن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڕیارێکی دڵخۆشکەر لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدات. دەشڵێت، لایەنە سیاسییەکانی عێراق لاریان نییە لە رەوانەکردنی شایستە داراییەکان.

 خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق  رایگەیاند: کاتژمێر 1 ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات؛ کۆبوونەوەکە چەند رۆژێک پێش خراوە، بەهۆی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا.

بە گوتەی وەزیری دادی عێراق: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر زۆر بابەت دەکرێت لەنێویاندا ئەو پێشنیازانەی لەلایەن شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان کراون بۆ رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

خالید شوانی ئاماژەی بەوەش کرد:گەشبینم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دڵخۆشکەر لەبارەی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەربکات؛ چەند رۆژێکە لە گفتوگۆداین لەگەڵ سەرجەم وەزیر و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان، پێموایە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەموواندا دەبێت.

کامەران کەریم