زایەڵە - ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد نوسەرو ڕۆژنامەنوس بەزایەڵەی ڕاگەیاند:ئێمە ئەو میللەتەین کە لەسایەی حکومەتێکی سوپاسگوزاردا، گیرفانمان پڕ پڕە لە سوپاسی زۆر و گەورە و تازە گەورە و بچووکمان خاوەن سوپاسی تایبەت بە خۆمانین گوپمان خڕپن بووە بە سوپاسی شیرین و بە چێژی حکومەت فەرمانبەرەکانی حکومەتمان هەموویان غەنی بوونە بە سوپاس . لەبری هەناسە و ئۆکسجین سوپاس هەڵدەمژین . سوپاس بۆ ئێمە بووەتە ناسنامە و نیشتمان . مانگانە هەمووتاکێکی ئەم میللەتە سوپاسی زۆر دەچێتەسەر ژمارە حیسابییەکەی .کێ هەیە لەم کوردستانەدا، لەسایەی کابینەی نۆدا، باڵەخانەیەکی گەورەی لە سوپاسەکانی حکومەتی هەرێم دروستنەکردبێت کێ هەیە سوپاس بەری چاوی نەگرتبێت کێ هەیە سوپاسی لێ زیاد نەبێت کێ هەیە جێگەی پێویستی هەبێت بۆ خەزنکردنی ئەو هەموو سوپاسە کێ هەیە خۆشگوزەران نەبێت لەسایەی سوپاسدا کێ هەیە لە دەریای سوپاسدا مەلەوانی نەکردبێت کێ هەیە بە سوپاسکردنێک برینی قوڵی جەستەی ساڕێژنەبووبێت کێ هەیە سێبەری سوپاس بەسەر سەریەوە نەبێت.
وتیشی:ئێمە ئێستا لەشکرێک لە سوپاسمان هەیە، بەجۆرێک هەموو زلهێزەکانی جیهان لە لەشکری سوپاسی ئێمە دەترسن . دەتوانین گەورەترین پەرژینی سوپاس بەدەوری کوردستاندا دروست بکەین و تاکو کەشکەلانی فەلەک سوپاس لەسەر یەکتر هەڵبچنین و هەموو قاڕەکانی جیهان پێکەوە ببەستینەوە . ئەگەر ژمارەی سوپاسەکانمان بدەین بەدەم یەکتر زۆر ئاسان دەتوانین یەک بازنەی سوپاس بەدەوری زەویدا دروست بکەین . ئێستا خوێنی شەهیدەکانمان لەسایەی سوپاسدا ئاسوودەن . پۆلەکانی قوتابخانە! و دامودەزگاکانمان و کتێبخانەکانمان و بازاڕ و شەقامەکانمان بە سوپاس ناوپۆش کراوە . شاخ و دەشت و دۆڵمان سەوزسەوزە بەسوپاس . لوولەی تفەنگی برا پێشمەرگەکانمان سوپاسی لێدەتکێت . جانتای شانی خوێندکارەکانمان هێندە سوپاسی جۆراوجۆری تێدایە هەر خوێندکارە و پسپۆڕی جۆرێکی تایبەتی سوپاسە . کۆی ژیانی سیاسی ئێمە بووەتە سوپاس خودی حکومەتی هەرێم تەواوی بەخششەکانی بووەتە سوپاس. لەبری خزمەتگوزاری و نەوت و موچە و کارەبا، رۆژانە سوپاس دەبەخشێتەوە.ئەی ئافەرین سوپاس ، سوپاس بۆ تۆ سوپاس .
کامەران کەریم