زایەڵە ـــ سەرۆکی یانەی پاری سێن ژێرمان وڵامی گلەییەکەی مێسی داوەتەوە.
 
لیونێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی ڕۆژی ڕابردوو لێدوانێکی درێژی وەرزشی ئەنجامداوە و لە بەشێک لە وتووێژەکەیدا بە توندی ڕەخنەی لە یانەی پاری سێن ژێرمان گرتووە.
مێسی ڕایگەیاند پاش گەیشن بە پلەی پاڵەوانێتی جامی جیهانی 2022ی قەتەر یانەی پاری سێن ژێرمان هیچ جێژن و ئاهەنگی شادی و خۆشی بۆ نەگێڕا، ئەوا گەر هەر یانەیەکی دیکە بوایات بێگومان پاش بەدەست هێنانی ئەو جامە ڕێوڕەسمی تایبەتی بۆ دەگێڕا.
 
ناسر ئەلخەلیفی سەرۆکی یانەی پاری سێن ژێرمان لە وڵامی گلەیی ئەو ئەستێرەیەدا گوتی: هەمووان بینیویانە کە ئێمە لەگەڵ مێسی هەستی خۆشی خۆمان دەربڕی و تەنانەت بە شێوازی تاکەکەسی چێژن و ئاهەنگی خۆشیشمان بۆ گێڕا.
 
ناوبراو وتیشی: لەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە ئێمە یانەیەکی فەڕنسەیین و قەت بۆمان نەبوو لە یاریگا بۆ مێسی ئاهەنگی سەرکەفتن بگێڕین لەبەر ئەوەی یانەی وڵاتێکین، کە لەبەشی فیناڵدا بەرانبەر بە ئەرجەنتین تووشی شکست بووە.
 
کەژاڵ حەمیدی