زایەڵە - ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ساڵانە چەندین مووچەی تەواومان دەخورێت لەژێر ناوی پاشەکەوت و لێبڕین، دەبوو بەڕێزان لەوەزارەت داوایان بکردایە هەرچی زووە پلەبەرکردنەوەی مامۆستایان بگەڕێتەوە لەگەڵ پێدانی موچەیەکی پێش وەخته نەک داوا لەمامۆستایان بکرێت باجی کارە هەڵەکانی حکومەت بدات و بەگیرفانی خاڵی و دەرونێکی ناجێگیرەوە بگەڕێتەوە.
بەرهەم موستەفا ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە زایەڵەی ڕاگەیاند: ئێمەی مامۆستایان چاوەڕێمان ئەکرد، وەزارەت هاوهەڵوێست لەگەڵمان داکۆکی لەمافە زەوتکراوەکانمان بکات و فشار دروست بکات لەسەر حکومەتی هەرێم، کە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ژیان و گوزەرانی مامۆستایان بدۆزێتەوە، چونکە ئێمە مەبەستمان لەبایکۆت دژایەتی خوێندن و پرۆسەکە نیە، هێندەی مەبەستمان دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەییە بۆ کێشەیەک کەساڵانە بەرۆکمان دەگرێت.
وتیشی: ساڵانە چەندین مووچەی تەواومان دەخورێت لەژێر ناوی پاشەکەوت و لێبڕین، دەبوو بەڕێزان لەوەزارەت داوایان بکردایە هەرچی زووە پلەبەرکردنەوەی مامۆستایان بگەڕێتەوە لەگەڵ پێدانی موچەیەکی پێش وەخته نەک داوا لەمامۆستایان بکرێت باجی کارە هەڵەکانی حکومەت بدات و بەگیرفانی خاڵی و دەرونێکی ناجێگیرەوە بگەڕێتەوە.
ڕاشیگەیاند: لەئێستا دا سنورێکی بەرفراوان بایکۆتی کردووە ، نەک هەندێ ناوچە وەک لەڕاگەیاندراوەکەی بەڕێزان لەوەزارەتی پەروەردە ئاماژەی پێدراوە ، نزیکەی 75 هەزار مامۆستا بایکۆتی کردووە ، لەسنوری سلێمانی ، ئیدارەی ڕاپەڕین، ئیدارەی گەرمیان، هەڵەبجە، کەرکوک، کۆیە و خانەقین بۆیە داواکارین لەوەزارەتی پەروەردە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی بایکۆتی مامۆستایان بدۆزێتەوە ، کە تەنها بەگێڕانەوەی مافەکانی ئەبێت . ئەوکات هەموولایەک پرۆسەکە سەردەخەین.بۆیە بەردەوامین لەبایکۆت تا ئاوڕێکی جدی لە کێشەکانمان ئەدرێتەوە.
کامەران کەریم
October 04, 2023