زایەڵە - ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد نوسەرو ڕۆژنامەنوس بە زایەڵەی ڕاگەیاند: بە رەهایی ئەو دیدگا و بیرکردنەوەیە بە راست و عەقڵانی وەرناگرم كە پێیوایە: هەندێك كەس و هێزی كوردی دەیانەوێت بەغداچێتی سەربخەن بەسەر كوردایەتی راستەقینەدا، چونكە لە بناغەوە كوردایەتی راستەقینە ئەگەرچی ئەستەمتر و پڕ قوربانیترە، بەڵام پیرۆزترە وەك لە بەغداچێتی، ئەم دیدگا لەبەرئەوەی دیدیگای زۆرینەی كوردستانی نییە لەلایەن زۆرینەی کوردستانیشەوە رەتدەکرێتەوە، نە بەغداچێتی هەیە و نە دژایەتی بۆ كوردایەتی راستەقینە، ئەوەی راستە و تائەندازەیەكیش لە واقیعی كوردستاندا دەبینرێت ئەوەیە كە بەپێی عەقڵی سیاسی بەغدا وەك قوڵایی ستراتیژی بۆ كورد و مافەكانی كورد دەبینێت و دروشمی کوردایەتییەکی موزەیەفی ناوبۆش،هەڵینەخەڵەتاندووە و فوی تێنەکردووە.

وتیشی: لە هیچ قۆناغێكی مێژوودا، بەغداچێتی بە پیرۆزتر لە كوردایەتی راستەقینە سەیرنەكراوە و كاری بۆ نەكراوە، بەپێچەوانەوە كوردایەتییەك كە لەسەر شیرینی نەوت بەرهەمهێنراوە وایكردووە كوردایەتییە راستەقینەكە لە هەست و بیری تاکی کورددا بشێوێنرێت و بەشێکی تاکی کورد ئەو کوردایەتییە ساختەیەش بە دیوی پشتەوەی بەغداچێتی ببینێت.ئەو کوردایەتییەی ئێستا دەیەوێت ململانێی بەغدا و بەغداچێتی پێبکرێت، هەمان مەترسی بەغداچێتی هەیە، ئەو کوردایەتییە زۆر لە بەغداچێتی مەترسیدارترە بۆسەر کوردبوون و کوردایەتی راستەقینە و ناسنامەی کوردیمان. بۆیە لە راستیدا ئەوەی لەبەرامبەر بەغدادا لاوازە، کوردایەتی راستەقینە نییە بەڵکو کوردایەتی نەوتە، کوردایەتی راستەقینە لە بێدەنگیشدا هەمیشە پەیامی کاریگەر و گەورە و پڕ ئامانجی خۆی هەیە، بەڵام کوردایەتی موزەیەف و نەوت تەنها لەو کاتانەدا پەیامی هەیە کە کێشەی پارەی لەگەڵ بەغدا دەبێت.

هێمای بەوەشکر: لە روانگەی وتاری بەغداشەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، زۆر بە روونی هێڵێکی تۆخی لەنێوان کوردایەتی راستەقینە و کوردایەتی نەوتدا کێشاوە، کوردایەتی راستەقینە لەلای بەغدا ئەو کوردایەتییەیە کە مێژوویەکی دێرینی هەیە دژی ستەم و داپڵۆسینەکانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی عێراق و داوای مافی هەموو پێکهاتەیەک دەکات لە عێراقدا و خەباتی بۆ سیستماتیککردنی وڵات و دیموکراسی و پێکەوەژیان و .هتد کردووە و بەغداش رێزی ئەم کوردایەتییەی گرتووە و حیسابی بۆ دەکات و بەدەستووریش کراوە، لەکاتێکدا کوردایەتی نەوت جگە لە تێڕوانینێکی ماددی بۆ بەغدا و گۆڕینی هەموو مافەکانی کورد بۆ ماددە لەگەڵ بەغدا، هیچیتری نییە.ئامانجی کوردایەتی راستەقینە گەورەتر و پیرۆزتر و گشتگیتر و جیاوازترە لە کوردایەتی نەوت، ئامانجی کوردایەتی نەوت زۆرترین پارەیە لە بەغدای وەربگرێت، بۆیە بەپێی بڕی دەستکەوتی ماددی لە بەغدا هەڵبەزودابەز بە وتاری ئەم تایپەی کوردایەتییەوە دەردەکەوێت، دواجار هەر کوردێکی راستگۆ پشتیوانی کوردایەتی نەوت نەکات، بە بەغداچێتی و نەیار و سەدان وشەی نەشیاو و چەندان ناوناتۆرە، تۆمەتبار دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: ئەمڕۆ مادام ناکۆکی هەرێم و بەغدا لەسەر ماددەیە، ئەوا کوردایەتی نەوت، دەنگی بڵندە و نەڕەی دێت، چونکە دۆخەکە بە زەرەری ئەوە و زۆر هێز و لایەنی ناو کوردایەتی راستەقینە پشتیوانی ناکەن، ئەمەش وایکردووە ئێستا ناوماڵی کورد دوو بەرەیە، بەرەکیان بەغدا بە ماددی دەبینێت ئەوە کوردایەتی نەوتە، کوردایەتییەکەی دیکەش بەغدا بە قوڵایی،ستراتیژی دەبینێت کە کوردایەتی راستەقینەیە.

کامەران کەریم