زایەڵە ـــ بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی بڵاوەبوو لە لایەن وەزارەتی تەندوورستی فەلەستینەوە، بە هۆی زیادبوونەوەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆسەر خاکی غەزە، هەژماری شەهیدانی فەلەستین بۆ 704 و بریندارانیش بۆ 3900 کەس بەرز بووەتەوە.

 وەزارەتی تەندرووستی فەلەستین بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێشەمە 10ی ئوکتۆبەر ڕایگەیاند کە ئەژماری شەهیدانی دەستڕێژی ڕژێمی زایۆنی بۆسەر خاکی غەزە گەیشتە 704 کەس و ئەژماری بریندارانیش بۆ 3900 کەس بەرز بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی ئینتێرنێتی میدیای "ئەلمیادین" تۆپخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ڕوژهەڵاتی غەزە و ناوچەی (جێبالییا)یان کردۆتە ئامانجی بوردمان، هەروەها هێرشێکی نوێ لە لایەن ئیسرایلەوە بۆ سەر سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای غەزە و بۆ ناوچەی (بەیت لاهیا) دەستی پێکردووە.

پاش هێرشە هۆڤانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ڕژێمی زایۆنی، کە بووتە هۆی قوبانی بوونی 3 هەواڵنێر، میدیاکانی ڕژێمی زایۆنی ڕایانگەیاند کە هێرشە  هەواییەکان بۆ سەر خاکی غەزە بەردەوام و زۆر بەتوندی درێژەی هەیە.

میدیاکانی زایۆنی پشتڕاستی دەکەنەوە کە تاوەک ئێستا و لە ڕەوتی ئوپراسیۆنی زریانی ئەقسا، لانیکەم 1000 زایۆنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 2500 برینداریشی لێ کەوتووەتەوە و ئەو کۆئەژمارە بێگومان ڕوو لە زیادبوون دەکات.

بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماس، بەیانی ڕوژی شەمە 7ی ئوکتۆبەر، خاکە داگیرکراوەکان لەوانە، تێلئاڤیڤ، ئەشدۆد و عەسقەلانیان بە سەدان موشەک و ڕاکێت کردە ئامانجی بوردمان و شەڕ و پێکدادان تاوەک ئێستا درێژەی هەیە و بووتە هۆی قوربانی بوونی هەزاران زایۆنیست.