زایەڵە - وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هاوکارییەکی باشی کردووە و هەنگاوی باشی ناوە. دەشڵێت هیوادارن بەو هاوکارییە باشەی کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیانە، تەواوی بڕگەکانی رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا لە تاران لەبارەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق و دوورخستنەوە و چەککردنی حیزبە نەیارەکان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە سەردانی ئەم دواییەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بۆ ئێران، باسی دوایین دۆخی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق کرا و لایەنی عێراقی راپۆرتێکی لەبارەی هەنگاوە نراوەکانی خۆیەوە پێشکەشی لایەنی ئێرانی کرد. لەوبارەیەوە بیرورا ئاڵوگۆڕ کران و هاوکارییەکی باش لە نێوان دامودەزگە پەیوەندیدارەکان هەیە."
بە گوتەی ناسر کەنعانی، هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هاوکارییەکی باشی کردووە و هەنگاوی باشی ناوە و گوتی، "هاوکاریی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی رێککەوتنەکەوە باش بووە و بە تایبەت لەبارەی جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی عێراق لە سنوورە هاوبەشەکان و هەڵگرتنی بنکە و باڕەگای گرووپە جوداخوازەکان کۆمەڵێک هەنگاوی باشیان ناوە، کۆمیتەیەکی هاوبەش دامەزرا."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاند، تاران هیوادارە هەموو بڕگەکانی رێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ عێراق جێبەجێ بکرێ. ناسر کەنعانی گوتی: "هیوادارین بەو تێگەیشتنە دروستەی کە بەرپرسانی عێراقی لە چاوەڕوانییە رەواکانی ئێران هەیانە و بەو هاوکارییە باشەی کە لەگەڵ لایەنی عێراقی و بەرپرسانی هەرێم هەمانە، جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە ببینین."