زایەڵە - بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە فەڵەستین، خۆپیشاندانی هەزارن کەسی له‌ به‌غدای پایتەختی عێراق ئەنجامدرا. 
ئەمرۆ هەینی ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانی تەحریری شارى بەغدای پایتەختى عێراق دەستیان بە خۆپیشاندان کرد بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە فەڵەستین .
لە خۆپیشاندنی بەغدا، موقتەدا سەدر لە رێگەی نوێنەرێکی خۆیەوە پەیامێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هۆشداریدا لەوەی بەرەو ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوبنێت و داوای گەیاندنی هاوکاری و ئاوی خوارنەوەشی کرد بۆ کەرتی غەززە.
شێخ موهەننەد موسەوی لە خۆپیشاندانی بەغدا گوتاری نوێژی هەینی خوێندنەوە کە پەیامی موقتەدا سەدری لەخۆگرتبوو لەبارەی دۆخی کەرتی غەززە و جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل.
سەدر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "قودس بۆ ئێمە تەنیا درووشم نییە، قودس هی ئێمەیە و ئیسرایلیش قەوارەیەکی داگیرکەری خاک و موقەدەساتی ئێمەیە، ئیسرائیل قەوارەیەکی تیرۆریستییە بە هەموو مانای وشەیەک و ئەوەی ئێستا لە غەززە دەیکات تیرۆرە لەدژی خەڵکی ناوچەکە".
لە پەیامەکەیدا موقتەدا سەدر باسی لەوەشکردووە، هەموو گەلانی ئیسلامی ئامادەن قوربانی بدەن لەپێناو فەڵەستین و خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەمڕۆی عێراقیش بەشێکە لە پشتیوانی لە مافەکانی فەڵەستین.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەدر داوای یەکهەڵوێستی و داخستنی باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیلی کرد لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی و داوای گەیاندنی بەپەلەی هاوکاری مرۆیی کرد بۆ کەرتی غەززە بەتایبەتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی غەززە.
هاوکات داوای لە لایەنگرانی کرد دەستبکەن بە کۆکردنەوەی کۆمەکی و هاوکاری بۆ غەززە و رایگەیاند، "ئێستا ئێوە پابەندبن بە ئامادەکردنی کاروانی هاوکارییەکان بۆ کۆمەکیکردنی غەززە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە لە رێگەی سووریا یان میسرەوە هاوکارییەکان بگەیەننە فەڵەستین.
لە درێژەی پەیامەکەشیدا، موقتەدا سەدر هۆشداریدایە ئیسرائیل بیر لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بکاتەوە و رایگەیاند، "پەلهاویشتنی ئیسرائیل بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی ئەوەی کە چاوەڕێی ناکەن".