زایەڵە - ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد نوسەرو ڕۆژنامەنوس بەزایەڵەی ڕاگەیاند: پێموانییە هیچ مامۆستایەک هێندە هەستی کەم و لاوازبێت پێیخۆش بێت منداڵ و خوێندکاری ئەم هەرێمە زەرەرمەند ببن، دڵنیام حەزناکەن نەک ساڵێک بەڵکو مانگێکی خوێندنیشیان بفەوتێت و دەرگای خوێندنگاکان نەکەنەوە.
وتیشی: دڵنیام ئێستا سەرەڕای بایکۆت مامۆستایانی کوردستان دڵیان لەلای پۆل و وانەکان و فێرکردنی منداڵە چاوگەشەکانی ئەم هەرێمەیە، وەک چۆن پێشمەرگە دڵسۆزەکانمان شەو و رۆژیان خستەسەر یەکتر لەپێناو بەرگری لەم خاکە، مامۆستاکانیش ئامادەی هەمان جۆر و هەمان رۆحیەتن، چونکە مرۆڤی کورد بە گشتی مرۆڤی سۆز و عاتیفە و دڵسۆزییە بۆ گەل و خاکی خۆی نەک دوژمنایەتی و ناشیرینکردنی.
ئەوەشی خستەڕوو: بایکۆتی مامۆستایان نە بە مانای دژایەتی حکومەت و نەتەوە و نیشتمان دێت، نە بە مانای بێباکی و بێدەربەستی پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە، بەڵام وەرگرتنی موچە سادەترین مافە و داوای دەکەن، پێموایە موچەکانیان بدرێتی و باخەڵیان گەرم بکرێتەوە، ئەوانیش بەزوویی دەچنەوە پۆل و گەرمی دەکەنەوە و دڵسۆزی خۆیان جارێکیتر پیشان دەدەنەوە.
کامەران کەریم