زایەڵە - لە مۆسکۆى پایته‌ختى ڕوسیا فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی فیلم‌ و ھونەری کوردی بەڕێوەدەچێت ‌و وه‌زیرى ڕۆشنبیریى حكومه‌تى هه‌رێمیش ڕایگه‌یاند، "به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی مۆسكۆ و پشتیوانی سه‌ركه‌وتنی ده‌كه‌ین."

ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، له‌ مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیای فیدڕاڵ، چالاکییەکانی فێستیڤاڵ، به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی باڵای وه‌زاره‌ت ده‌ستیپێکرد.

له‌ ده‌ستپێكی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وتارێكی پێشكه‌شكرد، تێیدا رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ رووسیا و پشتیوانی كاره‌كانیان دەبێت و سوپاسی حكومه‌ت و گه‌لی رووسیا کرد كه‌ ساڵانه‌ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ كوردییه‌ له‌ ئامێز ده‌گرێت.

گوتیشی: سه‌رزه‌وی رووسیا به‌وه‌ ناسراوه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌م گه‌لی كورددا كراوه‌ بووه‌، چ بۆ كوردانی خودی رووسیا، چ بۆ له‌ ئامێزگرتن و میوانداری شۆڕشگێڕان و ئاواره‌كانی كورد له‌ رابردوودا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، گوتی: ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، ساڵانه‌ له‌ شاری دهۆك فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی سینه‌ما ساز ده‌كه‌ین، جگه‌ له‌ سینه‌ماكارانی كورد له‌ وڵاتانی دراوسێ و ئه‌وروپا و جیهانه‌وه‌ سینه‌ماكاران به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، تا ئێستا نۆ گه‌ڕی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ ئه‌نجام دراوه‌ و بۆ ئه‌مساڵیش خه‌ریكی ئاماده‌كارین بۆ گه‌ڕی ده‌یه‌می.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان سوپاس و پێزانینی بۆ رێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌ ده‌ربڕی و گوتی: رێكخه‌ران و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ جیهانییه‌، ماندوو نه‌بن و ده‌ست خۆشییان لێ ده‌كه‌م، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراسته‌ی وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و كولتووری رووسیای فیدڕاڵ و به‌رپرسانی دامه‌زراوه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كان، كارگێڕانی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی رووسیای فیدڕاڵ ده‌كه‌م.

دواتر د. دانەر مستەفا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە رووسیا، لەوتارێکدا گرنگی فێستیڤاڵەکەی باسکرد و رۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی بەرز نرخاند بەتایبەت ئامادەبوونی خودی وەزیر و شاندێکی باڵای وەزارەت، نیشانەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمە بەم فێستیڤاڵە.

گولیزار گەردنزەری، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە، لەوتارەکەیدا باسی پردی پەیوەندی نێوان گەلی کورد و روس کرد، بەتایبەتی  لەبواری هونەری سینەمادا.

لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سوپاسی پاڵپشتییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کرد لە خولەکانی ئێستەو پێشتردا.

بە چەند گۆرانی و پارچە میوزیکێکی تایبەتی یارسان کە لەلایەن هونەرمەند فەرید ئیلهامی پێشکێشکرا، فێستیڤاڵەکە دەستیپێکرد.

 هه‌ر له‌ رێوڕەسمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به‌شداری له‌ وێنه‌ی یادگاری فێستیڤاڵ كرد و دواتر گرووپی هه‌ڵپه‌ڕكێ و سه‌مای مۆسكۆ، دوو تابلۆی هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردییان پێشكه‌شكرد.

هه‌ریه‌ك له‌ ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داخی، راوێژكاری وه‌زاره‌ت، نامیق هه‌ورامی، به‌ڕێوەبه‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی و شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا یاوه‌ری وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانن.

 لە 2020ـه‌وە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ لە رووسیا بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سپۆنسەری فێستیڤاڵەکە بوو.

هاوکات لە مۆسکۆ پێشانگه‌ی هاوبەشی شێوه‌كاریی شه‌ش شێوەکاری کورد بەڕێوەدەچێت.

له‌ گەلەری هونەری مۆدێرن لە مۆسکۆ، پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاری بۆ شه‌ش شێوەکاری كوردی رووسیا کرایەوە و حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەکەی بەسەرکردەوە.

له‌ پێشانگه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی كوردی رووسیا نمایشكرا، كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ لایه‌نه‌كانی ژیان و كولتووری كورد له‌ رووسیا.

ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتیانی رووسیا و به‌شێك له‌ هاونیشتمانییانی كوردی رووسیا له‌ رێوڕەسمی كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌كه‌دا ئاماده‌بوون.

وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان دوێنی هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە پێشانگەکەدا ئامادەبوو و ستایشی هونه‌ر و خزمه‌تی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ندانی كوردی رووسیای كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.

هونه‌رمه‌نده‌ به‌شداربووه‌كان داوایان كرد، له‌مه‌ودوا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنرێت، ئه‌وانیش به‌ كار و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانیان به‌شداری له‌ چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به‌ڵێنی پێدان هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بكات بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كوردی تاراوگه‌ به‌ گشتیی و هونه‌رمه‌ندانی كوردی رووسیا به‌ تایبه‌تی بتوانن به‌رهه‌م و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان بخەنەڕوو.

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان ماڵی هه‌موو كوردێكه‌ و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانیش به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت، هاوكار و پشتیوانی هونه‌رمه‌ندانی كورد بێت.

هاوکات وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان له‌ مۆسكۆ كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی به‌سه‌ركرده‌وه.

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان و شاندی یاوه‌ری و د. دانه‌ر مسته‌فا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووسیا، سه‌ردانی 'كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی'یان له‌ مۆسكۆ كرد كه‌ دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌ی میوزیكییه‌ له‌ رووسیادا.

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانی شاندی باڵای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رووسیا، رۆژی هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی 2023 شانده‌كه‌ سه‌ردانی په‌یمانگه‌ 'كۆنسێرڤاتۆر'ـی چایكۆڤسكییان كرد.

مارگرێتا ئیڤانۆڤنه‌ كاراتیگینا، به‌رپرسی به‌شی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و پێکەوەکارکردنی پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی پێشوازی له‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان كرد.

 له‌ به‌رایی دیداری پێشوازیدا، كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ شاندێكی كوردی سه‌ردانی په‌یمانگه‌كه‌ ده‌كه‌ن و خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕی.

 حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی رۆڵی میوزیك و هونه‌ری له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی شارستانییه‌ته‌كان و ئاشنایی گه‌لان به‌ ژیاری یه‌كدی كرد و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی زێڕینی گه‌شه‌ی كولتووری و هونه‌ری خۆیدایه‌، هونه‌رێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ و فره‌چه‌شن له‌ هه‌رێمه‌كه‌ بووه‌ته‌ سیمبوڵی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و رێزگرتنی به‌ها و كولتووری جیاوازی نێوان پێكهاته‌ جیاجیاكان.

گوتیشی: وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان وه‌ك چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ كولتووری و فه‌رهه‌نگییه‌كان كاری كردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی تایبه‌ت بۆ رۆشنبیری و كولتوور و هونه‌ری سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی وه‌ك (ئه‌رمه‌ن، كلدان سریان ئاشووری و توركمان) كراوه‌ته‌وه‌، تا بتوانن په‌ره‌ به‌ فه‌رهه‌نگ و كولتووری هونه‌ری خۆیان بده‌ن.

 روونیشیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ كرانه‌وه‌ی زیاتری كولتووری هه‌یه‌ به‌ رووی جیهانی ده‌ره‌وه‌یدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ به‌شداری میوزیكزانانی كورد له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانی جیهاندا و خواستی ئەوەیان هەیە له‌گه‌ڵ كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی له‌ مۆسكۆ په‌یوه‌ندییه‌كانیان فراوان بن و  كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئەوان بگوازنه‌وه‌ ناوه‌نده‌ زانستی و هونه‌رییه‌كانیان.

وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌ هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌ كۆلیژه‌كانی هونه‌ر، له‌ زانكۆكاندا (11) په‌یمانگه‌ی تایبه‌ت به‌ هونه‌ر و میوزیك هه‌ن و فێرخوازان لێیان سوودمه‌ندن. گوتیشی: هیوادارن له‌م په‌یمانگه‌یه‌دا ده‌رفه‌ت بەو میوزیكزانه‌ کوردانە بدرێت کە ده‌یانه‌وێت له‌ بواری میوزیك بخوێنن.

 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان ئاماژه‌ی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری میوزیكی كوردی كرد و گوتی: له‌ ناو كورددا میوزیك وه‌ك سرووتێكی ئایینی مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی هه‌یه‌، تا ئێستاش له‌ كولتووری ئایینی یارساندا میوزیك وه‌ك به‌شێك له‌ سرووتی پیرۆز و گه‌شه‌پێدانی رووحیه‌تی ئایینی رۆڵی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها سیاچه‌مانه‌، لاوك، حه‌یران، به‌سته‌، مه‌قام، هۆره‌ و سه‌رجه‌م هونه‌ره‌كانی خۆشخوانی و چڕین مێژووییه‌كی دێرینی هه‌زاران ساڵه‌یان له‌ناو كورددا هه‌یه‌ و بوونه‌ته‌ ناسنامه‌ی هونه‌ریی کورد.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان بانگهێشتی مارگرێتا ئیڤانۆڤنه‌ كاراتیگینا، به‌رپرسی به‌شی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنی پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌ نزیكه‌وه‌ واقیعی هونه‌ر و گه‌شه‌ی كولتووری و میوزیكی كوردی ببینێت.

 له‌ به‌رامبه‌ردا كاراتیگینا، پوخته‌یه‌كی له‌ باره‌ی مێژووی دامه‌زراندنی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، میوزیكزانه‌ به‌ناوبانگه‌كانی جیهان به‌شێكی به‌رچاویان ده‌رچووی په‌یمانگه‌كه‌یانن.

گوتیشی: له‌ رابردوودا، له‌ رێگه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كوردانه‌ی له‌ ریزی شانده‌ ئێرانییه‌كان سه‌ردانی كۆنسێرڤاتۆره‌كه‌یان كردووه‌، هه‌ندێك زانیاریان له‌ باره‌ی میوزیكی كوردی بیستووه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، بڕیار درا، گرووپێكی میوزیكی كوردی به‌ سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند فه‌رید ئیلهامی، به‌ مه‌به‌ستی ئاشناكردنی زیاتری گه‌لی رووسیا به‌ میوزیكی كوردی، له‌ ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌ شاری رووسیای فیدڕاڵ، كۆنسێرتی میوزیك و گۆرانی ساز بكه‌ن.

كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی، به‌ناوبانگترین په‌یمانگه‌ی میوزیكه‌ له‌ ئاستی رووسیا و ناوبانگییەکی زۆی لە جیهاندا هەیە، دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌یه‌ له‌ رووسیا، كه‌ له‌ 1ـی ئه‌یلوول 1866 به‌ ناوی 'كۆنسێرڤاتۆری ئیمپراتۆریای مۆسكۆ' دامه‌زراوه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا 1878 چایكۆڤسكی مامۆستای تیۆری و هارمۆنی په‌یمانگه‌كه‌ بووه‌، له‌ 1940 دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوی لێنراوه‌ 'كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی'.