زایەڵە - لەسەر شەڕو ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی تەواوی نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بەو پەرەسەندنە مەترسیدارو خوێناوییەی لە نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەززە لەفەڵەستین لەئارادایە، بە توندی ئیدانەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت بە ئامانج گرتنی خەڵکی سیڤیل و ژن و منداڵ و ئەو وێرانکارییە دەکەین، کە هەموو سنورێکیان بەزاندو تەنانەت دەستیان لە هێڕشکردنە سەر نەخۆشخانەو کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی بێ تاوان نەپاراستووە، ئەمە پێچەوانەی هەموو رێسا ئاسمانی و مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکانەو تاوانێکی ئێجگار گەورەیە.
ئێمە هەر لەسەرەتاوە بە پەرۆشییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆخە نالەبارە دەکەین و هاوسۆزو هاوخەمی قەزیەی فەڵەستین و قودسی پیرۆزین. بەڵام باشیش دەزانین توندوتیژی و شەڕو وێرانکاری و خوێنڕشتن گرفتەکان قووڵتر دەکەن و چارەسەری کێشەکانیش زەحەمەتتر دەبن. لێرەدا دەخوازین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەجددی بێنە سەرهێڵ و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریانە دابنێت و ئەو وێرانکاری و کۆمەڵکوژی و تاوانانە بە زووترین کات ڕابگیرێت.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
18ی10ی2023
کامەران کەریم