زایەڵە - بەرپرسی بۆردی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی رایدەگەیەنێت: بەدواداچوونمان بۆ کەیسی دەستگیرکردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە کردووە کە لە سلێمانی دەستگیرکراون و هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان سیاسی و رۆژنامەوانی نییە.

لەتیف نێروەیی بەرپرسی بۆردی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەستگیرکردنی دوو رۆژنامەنووس لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد:  لەسەر بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بەدواداچوونمان بۆ ئەو کەیسە کرد و پەیوەندیمان بە ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی کرد، پێی راگەیاندین ئەو دوو رۆژنامەنووسە لەلای ئەوانن.

ئەوەشی خستەڕوو: دوای سەیرکردنی دۆسییەکانیان بۆمان دەرکەوت هیچکام لەو تۆمەتانەی کە بەهۆیەوە دەستگیرکراون سیاسی و رۆژنامەوانی نین و ئەو هەواڵانەی کە دەڵێت لەلایەن دژەتیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆوە دەستگیرکراون دوورە لە راستییەوە.

بەرپرسی بۆردی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی دەشڵێت:  کەیسی جەمال عەبدوڵا، کە یەکێکە لە دوو رۆژنامەنووسەکە، دوو بابەتی کۆنە، یەکێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013 و ئەوەی تریشیان پەیوەستە بە کارکردنی لە گۆڤارێکدا، هاوکات کەیسەکەی عیماد بیلال، کە رۆژنامەنووسەکەی دیکەیە، لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە کە ئەویش کێشەیەکی کۆنە.

جەختی لەوەش کردەوو،: دوای بینین و قسەکردن لەگەڵ هەردوو رۆژنامەنووسەکە، خۆیان دووپاتیانکردەوە کە ئەو کەیسانەی بەهۆیەوە دەستگیرکراون بەهیچ شێوەیەک، نە لە دوور و نە لە نزیک، پەیوەندییان بە بابەتی سیاسی و رۆژنامەوانییەوە نییە.

کامەران کەریم