زایەڵە - شوان ڕابەر ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی دادگەری بەزایەڵەی ڕاگەیاند:لەشكرێك لە مامۆستایان كە دەیان هەزار مامۆستان ، مانگێك زیاترە لەسەر جادەن ، بایكۆتی خوێندن دەرس گوتنەوەیان كردووە ، گرد بونەوە ئەنجام دەدەن ، لەبەر ئەوەی موچەی مانگانەیان پێ نادرێ ،نەخاسمە 30 هەزار مامۆستای وانە بێژ لە كوردستان هەن كە بە گرێبەست دەرس دەڵێنەوە، دانامەزرێن، داوای دامەزراندنی ڕەسمیان دەكەن.

وتیشی:  بە داخەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە كە گوێ لەو هەموو مامۆستا ئازیزانە ڕاناگرێ ، داواكاریەكانیان جێ بە جێ ناكا ، كەچی مامۆستایان سەرمایە و توێژێكی زۆر گرنگ و كاریگەری كۆمەڵگەن ، ئەگەر ئەوان دەوام نەكەن ، بە سەدان هەزار قوتابیش باج دەدەن ، لە دەرس و دیراسە دوا دەكەون ، لە داهاتوشدا كاریگەری سەلبی لەسەر ڕەوش و سایكۆلۆژیەتی خوێندن هەر دەمێنێ. حوكومەتی هەرێمی كوردستان حساب بۆ مامۆستایان ناكات. كەچی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم)دەفەرموێ: من وەكو فێركار (مامۆستا) بۆ ئێوە نێردراوم تا زۆر شتتان فێر بكەم. وە مەلیك فەیسەل پاشای عێراق دەڵێ: ئەگەر پاشا نەبام ئەوا دەبوومە مامۆستا. زۆربەی خەڵكی گەل و وڵات لە سەركردە و زانا و هەموو چین و توێژ و ئیختصاصەكان لەبەر دەستی مامۆستا دەردەچن ، لە هەندێ وڵات مامۆستا ڕێز و مافی زۆریان هەیە ، كەچی لە كوردستان موچەی مانگانەی خۆشیان پێ نادرێ ، دانامەزرێن ، بەڵكو لە هەندێ كات و شوێندا دەگیرێن. سوكایەتیان پێ دەكرێ، ئەوە پاداشتی مامۆستایە لە كوردستان لەجیاتی خزمەتكردنی. جا ئەگەر حكومەت ئاوا مامەلەلەگەل مامۆستایاندا بكا كە چینێكی ناوازی كۆمەلگەن دەبێ لەگەل خەلكی تر چی بكات .

کامەران کەریم