زایەڵە - ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت،" كۆتایی مانگی ڕابردوو وەزارەتی کارەبا بڕیاریداوە نرخی کیلۆواتێک بکرێتە (١٠٠ دینار)، بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیران ئەم فەرمانە ڕاگیراوە".
عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە،"نرخی کارەبا لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون زۆر گرانکرا، یەک کیلۆوات لە سلێمانی (١٥٦ دینار) لە هەولێر (١٧٥ دینار) ئەم گرانکردنە، بارگرانیەکی گەورەی لەسەر هاوڵاتیان درووستکردووە".
ئاماژەی بەوەشداوە،"لە ٢٠٢٣/٩/٢٤ وەزارەتی کارەبا بڕیاریداوە نرخی کیلۆواتێک بکرێتە (١٠٠ دینار)، بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیران ئەم فەرمانە ڕاگیراوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو،"هەرچەندە (١٠٠ دینار)یش زۆرە، مەرج نییە ئەوەی لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون بێت دۆخی دارایی باش بێت، وەک وەزارەت دەڵێت: (های کۆست)".
ڕوونیشیكردووەتەوە،"زۆرێک لەوانە موچەخۆرن، پێشهکی شوقەیەکیان داوە، بەنیاز بوون بە موچەکەیان قیستی مانگانە بدەن،خزمەتگوزاری و کرێی کارەبا بەم نرخە و ئەمەش دۆخی موچە بێت بارگرانیەکی گەورە دەکەوێتە سەریان".
دەشڵێت،"گرنگە لە زووترین کاتدا ئەم پێداچونەوە بکرێت".