زایەڵە - هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و لەمەڕ بەرفراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە هۆشدارییان دا.
وەکو هاکان فیدان لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هاوبەش وتی؛ دۆخی عێراق و سووریا تاوتوێکراوە و "پاڵپشتی لە حکومەتی عێراق دەکەین."
لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە، هاکان فیدان وتی، "دەبێت ئیسرائیل دەست لە ئەنجامدانی تاوان هەڵبگرێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا خواستی وڵاتەکەی بۆ زیاتر فراوان نەبوونی شەڕ دەربڕی و گوتی، "نامانەوێت شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس گەورە بێت و ناوچەکە بگرێتەوە."
فیدان باسی لە خراپی دۆخی مرۆیی لە غەززە کرد و گوتی، "دەبێت هاوکاری مرۆیی زیاتر رەوانەی شارەکە بکرێت."
لای خۆشیەوە، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ئیسرائیلی بە بەکارهێنانی "چەکی قەدەخەکراو لە غەززە" تۆمەتبار کرد و گوتی، "ئەگەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، ئەمریکا بەرپرس دەبێت لە تێکچوونی رەوشی ناوچەکە."