زایەڵە - سەرۆک کۆماری عێراق، دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ شەممە 4-11- 2023بەشداری کرد لە حەوتەمین کۆنفرانسی باڵیۆزەکانی عێراق کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە ژێر ناونیشانی" دیپلۆماسییەتی عێراق پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوسەنگەکان و پەرەپێدانی ئابووری بەردەوام".
سەرۆک کۆمار لە کۆنفرانسەکەدا ووتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دیپلۆماسییەتی عێراق لە ڕوانگەی سیاسەتی دیموکراسیی وڵاتەکەمانەوە توانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان دەستپێبکاتەوە و بۆ پاراستنی نەریتەکانی پێکەوەژیان و هاریکاری نێوان وڵاتان.
هەروەها بەڕێزیان، ئاماژەی بەوەشکرد کە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای هەماهەنگی بونیادنراوە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکان لە ڕێگەی دیالۆگی بونیادنەرانە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، کە عێراقیش چالاکانە کاربکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و هاریکاریش بێت لە دروستکردنی ژینگەیەکی پێکەوەژیانی ناوچەیی، ئاماژەشی بەوەدا کە بەرنامەی حکومەت جەخت لەسەر گرنگی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەکاتەوە و ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆماردا زۆر بە جددی کارمان لەسەر کردووە و حکومەتیش بە وردی کاری لەسەر کردوون، بۆ ئەوەی وڵات بەدوربگرێت لە سیاسەتی جەمسەرگیری.
سەرۆک کۆمار دوپاتی لەوەش کردەوە ئەوەی ئێستا یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان ئەو سەقامگیرییە گەورەیە کە لە بارودۆخی ئەمنیدا بەدەست هاتووە و ئەو پەرۆشییەی حکومەت نیشانی داوە بۆ بەدەستهێنانی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان و نەهێشتنی بەربەستە بیرۆکراتییەکان لەبەردەم وەبەرهێنەراندا.
دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمار :
بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران
بەڕێز فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادگای باڵا
بەڕێز موحسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران
بەڕێزان، باڵیۆز و سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت..
لەم دیدارە گرنگەدا لەگەڵ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکانی دەرەوەی وڵات، هیوادارین لە چوارچێوەی بۆ بەهێزکردن و چەسپاندنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی جیاجیای برا و دۆست لە جیهاندا هەوڵەکانتان بەرهەمدار بێت. لە ڕاستیدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا عێراق پێشکەوتنی گرنگی لە بواری پەیوەندییە دیپلۆماسیەکاندا لەگەڵ وڵاتانی جیا بەدەست هێناوە.
سەرکەوتوو بووین لە تێپەڕاندنی قەیرانی پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییانەی کە لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان هاتبوە ئاراوە بەهۆی حوکمڕانی دیکتاتۆریی کە وڵاتی لە جەنگ و کێشەی بێشوماردا تێوەگلاندبو. کارنامەی حکومەت بریتیە لەجەختکردنەوە لەگرنگیدان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، ئەمەش ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆماردا بە جددییەکی زۆرەوە کارمان لەسەر کردوە، هەروەها حکومەت بە وردبینییەوە کاری لەسەر کردوون بۆ ئەوەی وڵات لە سیاسەتی جەمسەرگیری دوور بخاتەوە، و بۆ ئەوەی بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان بکرێنە بنەمایەک کە پەیوەندییەکانی لەسەری بنیات بنرێت.
دیپلۆماسیەتی عێراقی توانی لەڕوانگەی سیاسەتی دیموکراسیانەی وڵاتەکەمان پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان دەستپێبکات و کارا بکاتەوە لەپێناوی پاراستنی نەریتی پێکەوەژیان و هاوکاری نێوان وڵاتان.
هەروەها ڕۆڵی وەزیرانی دەرەوەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و لێپرسراوانی باڵای وەزارەت کاریگەر بوو لە گوزارشتکردن لە سیاسەتی دەوڵەت و بەدیهێنانی ئامانجەکانی بۆ گەڕاندنەوە و پەرەپێدان و چالاککردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتە جیاجیاکانی دۆست و برادا.
ئەمڕۆ وەک دەبینین جیاوازییەکی زۆر هەیە بەبەراورد بە ساڵانی پێشو.
ئەمڕۆ عێراق هاوشێوەی سەردەمی دیکتاتۆری هەڕەشە نیە بۆ سەر هیچ لایەک.
عێراق چیتر سەرچاوەی قەیرانەکان نییە.
سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای هاریکاری بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان لەڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەر و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دروست بوە بۆ ئەوەی عێراق کاریگەر بێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و یارمەتیدەربێت بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی هەرێمایەتی کە لە ئاشتی و پێکەوە ژیاندا خۆی دەبینێتەوە.
لەسەر ئەو بنەمایانە، زۆرێک لە وڵاتان ویستی خۆیان دەردەبڕن بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و پتەوکردنیان کە دەکرێت گەشەی پێبدرێت لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کەلتووری و بازرگانیدا.
لەمیانی سەردان و چاوپێکەوتنەکانماندا لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان و ئەو ڕاستیەمان بەرچاو دەکەوێت، کە ئەوەش جێگات ڕێزە و هەر هەوڵێکیش کە یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدان و بەرەپێشەوەبردنی پەیوەندییەکان بەرزی دەنرخێنین .
ئەوەی ئێستا یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان، ئەو سەرکەوتنە گەورەیەیە کە بەدەست هاتووە لە دۆخی ئەمنی و ویستی حکومەت لە دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان و تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە بیرۆکراتیانەی کە ڕووبەڕووی وەبەرهێنەران دەبنەوە. ئەمە یارمەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەدات لە رووی بازرگانی و وەبەرهێنان و هاندانی سەرمایە و کۆمپانیا و حکومەتەکان بۆ هاریکاری و وەبەرهێنان لە عێراق، کە ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر هاندەری ئەو پرۆسەیە.
بەم پێیە داواتان لێدەکەین، وەک نوێنەری وڵاتان و حکومەت لە وڵاتانی دۆست و برا، زیاتر کار بکەن لە هەر شوێنێک بن دەرفەتی گونجاو بدۆزنەوە بۆ پەرەپێدانی هاریکاری ئابوریی و سیاسی و ڕۆشنبیرى و بەردەوامیدان بە چالاکىە دیپلۆماسیەکانی عێراق ، لە ئەمڕۆدا عێراق پێویستى بەوەیە وێنەى ڕاستەقینە لەبارەى ئەو دۆخە نوێیەى کە دروست بوە بخرێتە ڕوو کە شایەتحاڵی باشتربونی ئاسایش و سەقامگیرىیە بەمەبەستى هاندانى وەبەرهێنان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ وەگڕخستنی سەرمایە بۆ عێراق و ئەمەش ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە هەموو نوێنەرایەتیەکان و نوێنەری وڵاتان لە دەرەوەی وڵات.
هەروەها داواتان لێ دەکەین کە زیاتر کار بکەن بۆ عێراقییەکانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات بیرۆکراسی تێپەڕێنن و ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هاووڵاتیان دروست بکەن لە هەر شوێنێک بن.
با هەر یەک لە باڵیۆزخانەکانمان ماڵێک بێت بۆ عێراقییەکان.
ئەمەش یەکێکە لە بەرپرسیارێتییەکانمان بەرامبەر بە هاووڵاتیانمان کە لە زۆریک لەوڵاتاندا نیشتەجێن و گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن بۆ مەبەستی گەشتیاری، چارەسەر، خوێندن، بازرگانی یان کار.
پەرەپێدانی توانا پیشەییەکان هۆکارێکی گرنگە بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن لە ئەدای کاردا. بۆیە دەبێت پێوەرێکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە بێت لە هەڵبژاردنی کارمەندانی دەرەوەی وڵات.
زۆر کاری گرنگمان لە پێشە کە دەبێت هەوڵەکانمان لەسەری چڕ بکەینەوە، و باوەڕم وایە کە، وەزارەتی دەرەوە، خاوەنی ئەو توانا و لێهاتووییانەیە کە بەڕاستی توانای گەشەپێدانیان هەیە بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پێشخستنی بەرنامەی کاری حکومەت و خستنەگەڕی ئەم بەرنامەیە لە ڕێگەی کاری باش و لە بەر ڕۆشنایی بەهای ئەو ئامانجانەی بەدەست هاتوون.
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانتان بە باشترین شێوە.
سوپاستان دەکەم "