زایەڵە - دژەتیرۆری کوردستان رەتیدەکاتەوە ئەمڕۆ شەممە هێرش کرابێتە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر و دەڵێت "ئەو هەواڵە ناڕاستە".
پێشتر، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12:35 خولەکی ئەمڕۆ شەممە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەریر کرا و لە نزیک هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە کەوتە خوار و تەقیوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2023، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر شوێنی ئاماژە پێکراو. بە دەزگە میدیاییەکانیش ڕادەگەیەنین دەنگی هەر تەقینەوەیەک مەرج نییە هێرش و بۆردوومان بێت، دەشێ مەشق و راهێنان یاخود رێکاری تایبەت بێت".
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و ئاگر لە کۆگەی فڕۆکەخانەکە کەوتەوە.
گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ئەوکاتی فڕۆکەخانەی هەریر راگەیاند و ڤیدیۆیەکی 25 چرکەیی هێرشەکەشی بڵاوکردەوە. گرووپەکە رایگەیاند: "موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەی داگیرکاری ئەمریکیی لە هەریری باکووری عێراق بە دوو درۆن کردە ئامانج و راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا."
هاوکات، دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئێوارەی پێنجشەممە کاژێر 19:15 "لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات، بەڵام لە 20-10-2023 چۆڵ کراوە، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە کۆگەی سووتەمەنیی بنکەکە کەوتووەتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 46 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 56 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون.