زایەڵە - جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی دەڵێت، 23ـی ئەم مانگە پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب دەکرێتەوە و بڕیارە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بێت. گوتیشی، "داشکاندن لە بەشێکی کتێبەکاندا دەکرێت."
شەقی عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، لەبارەی خولی پێنجەمی پێشانگەکە ڕایگەیاند، "بڕیارە 23ـی ئەم مانگە خولی پێنجەمی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان بکرێتەوە کە ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت."
شەقی عومەر گوتیشی، "لە رۆژانی 23-11-2023 تاوەکو 2-12-2023، ملیۆنان کتێب لە سەدان هەزار ناونیشان لە بوارەکانی رۆشنبیری، سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، فیکری، ئایینی، هونەری، فەلسەفە، ئەدەب، هونەر، مێژوو، جوگرافیا؛ هەروەها چیرۆک، رۆمان، میوزیک، زانستی و چەندین بواری دیکە دەخرێنە بەردەستی خوێنەران و لە بەشێک لە کتێبەکاندا داشکاندن هەیە."