زایەڵە - وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەحی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزار دەدات تاکوو ڕۆڵی لە گەشەپێدانی کوردستاندا هەبێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە شاری هەڵەبجە بە یاوەری ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە باڵەخانەی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەی کردەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هاوکات بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەسەرکردەوە و بەدواداچوونی بۆ ئیشوکارەکان کرد، هەروەها جەختی لەسەر پەرەپێدانی سێکتەری گەشتوگوزار لە شاری هەڵەبجە کردەوە.
دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، ساسان عەونی، ئامانجی سەردانەکەی بۆ دەزگەکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو و دەستپێکردنی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجەی ڕاگەیاند، سەبارەت بە بایەخدانی حکوومەتیش بە سێکتەری گەشتوگوزار، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەکرد کە ڕوئیای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بایەخی زۆر بە سێکتەری گەشتوگوزار بدات، ئەو سێکتەرە ڕۆڵی لە گەشەپێدانی کوردستان دەبێت.
کامەران کەریم