نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاند، هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە پڕۆژەیاساى بودجەى عێراق بەزووترین کات تێپەڕبێت و ئەو دەقە جێبەجێ بکرێت کە هەرێم و بەغدا لەسەرى ڕێککەوتوون.  
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نێچیرڤان بارزانى ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا لە پاریس ئاماژەى بەوەکرد، جەوهەرى کێشەکە ئەوەیە مامەڵەى بەغدا لەگەڵ هەرێم بەگوێرەى سیستەمى فیدراڵى نییە، چونکە بەشێوەیەکى گشتى ئەمە سیستەمێکى نوێیە لە عێراق.  
وتیشى، "لە هەموو سیستەمەکاندا مینحەیەک دەدرێت بە هەرێمەکان و لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت، بەڵام چۆنیەتى مامەڵەى بەغدا لەگەڵ هەرێم بۆ پرسى موچە ناڕاستە و زوو یان دەرنگ دەبێت چارەسەر بکرێت".  
نێچیرڤان بارزانى باسى لەوەشکرد، شاندى حکومەت زۆر ماندوبوون و گەیشتونەتە سیغەیەک لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێم و ناوەند بۆ گەیشتن بۆ چارەسەر، لەگەڵ جێبەجێکردنى ئەو دەقەدان کە پێی گەیشتوون.  
جەختیشیکردەوە، سەقامگیریی عێراق بۆ ناوچەکە گرنگە، بانگهێشتکردنیان بۆ فەڕەنساش لەسەر ئەو بنەمایە بووە، بۆ ئەوەى بگەنە سەقامگیرییەکى سیاسی لە عێراق.