زایەڵە - ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی شاری كۆیه‌ی كرد و پڕۆژه‌ی هه‌ژماری منی له‌و شاره‌ ده‌ست پێ كرد.‌

وه‌زیری دارایی ڕایگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا ته‌واوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و مووچه‌خۆرانی كه‌رتی تایبه‌تیش ناویان ده‌چێته‌ سه‌ر پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من كه‌ بڕیارێكی بوێرانه‌ی حكوومه‌ت بوو، چونكه‌ ڕۆتینی دابه‌شكردنی مووچه‌ و سویله‌ و قه‌رزه‌كانیش چاره‌سه‌ر ده‌كات. ته‌نانه‌ت كێشه‌ی مووچه‌ و قه‌رزی مووچه‌ش چاره‌سه‌ر بكا، پڕۆژه‌یه‌كه‌ به‌ هه‌وڵی ئه‌م تیمه‌ دڵسۆزه‌ و به‌ پشتیوانیی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌ستی پێ كردووه‌.

ڕاشیگه‌یاند: ئامێری ڕاكێشانی پاره‌ له‌ هه‌موو بازاڕه‌كان و شوینێك داده‌نرێ ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌ورووپاش.

له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمه‌، دوا میزانی مراجه‌عه‌ی ناردووه‌، تیمێكی ئاماده‌یه‌ بچێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر مووچه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین، سوودانی ئاماده‌یی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

له‌باره‌ی 700 ملیاره‌كه‌وه‌ وتی: ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌ و حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی داراییه‌،‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌ماوه‌ و هه‌موویمان جێبه‌جێ كردووه‌ و چاوه‌ڕێین له‌ به‌غداوه‌ بگات.

کامەران کەریم