زایەڵە - دوای 46 رۆژ لە جەنگی بەردەوام، دواجار ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە گەیشتنە رێککەوتن.

ئەو رێککەوتنە بە نێوەندگیریی قەتەر و ئەمریکا کرا.
 
حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر 50 بارمتە رازی بووە بە ئاگربەستەکە و نەتەنیاهووش دەڵێت، "قورس بوو، بەڵام بڕیارێکی دروستمان دا".

ئەمریکا هیوادارە ئەو هەنگاوە رێگەخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ.
 
حەماس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئەوەدا ئیسرائیل دەبێت 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
 
قەتەر کە رۆڵی سەرەکی هەبووە لەو ئاگربەستە، سوپاسی ئەمریکا و میسر دەکات کە "هاوکار" بوون و دەڵێت، ئەو ئاگربەستە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوکاریی زیاتری مرۆیی بگاتە غەززە. دەشڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی کەسانی سڤیل.