زایەڵە - وا بڕیارە رۆژی شەممە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی، یەکەمین دیداری دامەزراوەی میزۆپۆتامیا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکان (MASS) بەڕێوەبچێت، کە دیدارێکی ئەکادیمی-رۆشنبیری دەبێت و لە چەند پانێڵێکی جیاوازدا کێشە و ئاریشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و چارەسەری پێویست دەخرێتە روو.
دامەزراوەی میزۆپۆتامیا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکان (MASS)، دامەزراوەیەکی مەدەنیی سەربەخۆی ناحکومی و قازانج نەویستە، گرنگی دەدات بە بابەتە ستراتیجییە سیاسی و ئابورییە جیاجیاکان لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و، هە وڵ دە دات لەڕێی توێژینەوە و سودوەرگرتن لە شارەزاییە ناوخویی و دەرەکییەکان و وۆرکشۆپ و خولەکانی ڕاهینان، پێشنیاری پڕۆژە و چارە سەری گونجاو بکات بۆ لایە نە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پێناو خستنەڕوی چارەسەر بۆ قەیرانەکان.
بە گوێرەی راگەیاندراوی دیداری مێزۆپۆتامیا کە لە ژێر ناونیشانی (ئاسۆی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا) بەڕێوەدەچێت، لە دیدارەکەدا ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی عێراق و ئەکادیمی و توێژەری ناسراوی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن و گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکرێت.
لە دە ساڵی ڕابردوودا پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئاڵەنگاری و کێشەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لە ئێستاشدا خواستێکی فراوانی جەماوەی لە شەقامی هەرێمی کوردستانەوە هەیە بۆ مامەڵەی راستەوخۆی ئیداری لەگەڵ حکومەتی عێراق و لە ماوەی ڕابردووشدا فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش داوایان لە محمد شیاع السودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە راستەوخۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا بدات، ئەگەرچی بەشێوەی سەرەتایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕێوە بەڵام رێککارەکان پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە بۆ جێبەجێکردن.
دامەزراوەی میزۆپۆتامیا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکان (MASS)، لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کاردەکات بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر بنەمای ئامار و پێوەرە زانستیەکان و، کۆکردنەوەی توانا ئەکادیمی و شارەزاییە سیاسیەکان و، خویندنەوەی هزرە فەلسەفیەکان لە پێناو گەیشتن بە ڕاستیی ڕوداوەکان. هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی کێشە و لەمپەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان و، فراوان کردنی بنکەی زانیاری سەبارەت بە کۆی ڕووداوەکان و بەستنەوەی بە بۆچونەکان و فاکتەرە راستەقینەکان. کاردەکات کۆکردنەوەو یەکخستی ئەزمونی توێژەر و لێکۆڵەرەوە ناوخوییەکان لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵەی تۆێژینەوەی جیاجیا.
دیداری دامەزراوەی میزۆپۆتامیا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکان (MASS)، بە یەکێکە لە دیدارە گرنگەکان دادەنرێت کە لە شاری سلێمانییەوە هەوڵی گواستنەوەی وێنەیەکی راستەقینەی خواستی شەقامی کوردستان دەدات، بە تایبەت ئەم دیدارە لە کاتێکدا بەرێوە دەچێت کە زیاتر لە دوو مانگ و نیوە دەوامی قوتابخانەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان نەکراوەتەوە و مامۆستایان و فەرمانبەران رۆژانی یەکشەممە خۆپیشاندانی دە هەزار کەسیی لە سەر شەقامەکان بە ئامانجی وەرگرتنی موچەکانیان ئەنجام دەدەن و تا ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی هیچ هەڵوێستێکی جیدیی نەبووە.
دامەزراوەی میزۆپۆتامیا لە راگەیاندراوەکەی خۆشیدا باسلەوەشدەکات کە هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە چارەسەر له چوارچێوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان توێژەران و دەسەڵات لە سەرئاستی عێراق وهەرێمی کوردستان. کاردەکات کردنی لێکۆڵێنەوە بە بنەمای سەرەکیی دروستکردنی بڕیاڕی سیاسی و ئابوری لە دامەزراوە گشتییەکاندا. گرنگی دەدات بە گەشەپێدانی مرۆیی و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای گەنجان. هەروەها جەخت کراوەتەوە لەسەر کارکردن لە سەر خولقاندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی لە رێی هاندانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و کەمکردنەوەی زبریی ئاستی ململانێکان.