زایەڵە - حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ربه‌ندیخان  حه‌وته‌م فێستیڤاڵی شانۆی شه‌قامی كرده‌وه‌ و له‌ وتارێكدا ڕایگه‌یاند:یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان خزمه‌تكردنی شانۆ و زه‌مینه‌سازییه‌ بۆ شانۆكارانی كورد.

ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌ به‌شداری ده‌یان گرووپی شانۆیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، حه‌وته‌م فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له‌ ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستی پێكرد و بڕیاره‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ پێنج ڕۆژ بخایه‌نێت.

به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌ستپێكردنی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان سه‌ردانی ده‌ربه‌ندیخانی كرد و له‌ لایه‌ن سڵێمان محه‌ممه‌د سه‌عید، قائیمقامی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان و به‌رپرسانی ئیداری شاره‌كه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

له‌ هۆڵی ڕۆشنبیری ده‌ربه‌ندیخان، له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد.

له‌ وتاره‌كه‌دا وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ڕایگه‌یاند، "هونەری شانۆ یەکێکە لە هونەرە جوانەکان،  هاوتەمەنی کۆمەڵایەتیبوونی ژیانی مرۆڤە، یەکێکە لە هەرە ھۆکارە گرنگەکانی فێربوون و وێناکردنی جوانی ژیان.

وتیشی: لە ڕێگەی ئەم هونەرەوە : (دیاردە و کەسێیتیەکان وڕرووداوەکان) لە ناو مێژووەوە دەهێنرێنەوە ناو ژیان و بەشێوەیەکی بەرجەستە پیشاندەدرێنەوە، لێرەشەوە گرنگی و بایەخی ھونەری شانۆ وەک هونەرێکی جوان دەنرخێنرێت.

سه‌باره‌ت به‌ مێژووی شانۆی كوردی، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان وتی: ئەگەرچی تەمەنی هونەری شانۆ وەک هونەری جوان لە ناو ئێمەی کورددا زۆر نییە، بەڵام شانۆکارانی کورد بە دڵسۆزی و خۆنەویستی، نەخشی گەورەیان هەبووە و بەرهەمی جوان و بەپێزیان نمایش و پێشکەش کردووە.

ڕوونیشیكرده‌وه‌:ھونەرمەندانی کورد لە فێستیڤاڵ و دیدارە شانۆییەکاندا لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستانیش كاره‌كته‌رێكی دیاربوون و توانیویانە خەڵاتی گرنگ بەدەست بھێنن.

له‌ باره‌ی ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و پشتیوانیكردنی شانۆكارانی كورد، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان وتی: وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانمان خزمەتی شانۆ و زەمینەسازییە بۆ شانۆکاران، هەتا بتوانن خەرمانی توانا و داهێنانی خۆیان لە بواری ئەم هونەرەدا گەورەتر و فراوانتر و جوانتربکەن.

به‌ هۆی قه‌یرانی دارایی و په‌تای كۆرۆناوه‌ له‌ 2019ه‌وه‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌ڕێوه‌نه‌چووه‌، ئه‌مساڵ به‌ هه‌وڵی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان جارێكی دیكه‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ خراوه‌ته‌وه‌گه‌ڕ.

له‌و باره‌یه‌وه‌ حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید وتی: ئەگەرچی ساڵانێکە قەیرانی دارایی و ڕووداو پێشھاتە نەخوازراوەکان لەسەر سینگی هەمووان چۆکیان داداوە، بەڵام چراخانی نماییشە شانۆییەکان لەشارو شارۆچکەکانی کوردستاندا هەر ڕۆشن و گەشاوە بوون.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌:،وەزارەتی ڕۆشنبیری لەکابینەی نۆھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا و لەڕێنماییەکدا فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانی ڕێکخستەوە، لەو ڕێنماییەدا فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بۆ شاری دەربەندیخان دیاریکراوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئەمساڵ وەزارەت پشتیوانی سێ فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی کردووە، كه‌ ئەوانیش یەکەم لە چەمچەماڵ و دووەم لە کەرکووک و سێیه‌میان له‌ ده‌ربه‌ندیخانه‌.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان : دەستخۆشی لەبەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری دەربەندیخان كرد و سوپاسی ھەوڵ و ماندووبونی ڕێكخەرانی فێستیڤاڵەکە و ئیدارەی شارەکەی كرد.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ده‌ربه‌ندیخان، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان سه‌ردانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانی كرد و له‌ لایه‌ن به‌ڕێوبه‌ر و فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌وه‌ پێشوازی لێكرا و پاشانیش ئاماده‌ی به‌شێك له‌ چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌ بوو.

کامەران کەریم