زایەڵە - وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند؛ نەوت بە هەمان ئەو نرخەی لەلایەن بەغداوە دێت و دیاریکراوە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشیدەکەین
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: پاش ئەوەی لەكۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق كە لە رێكەوتی 12ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو، وەزارەتمان جەختیكردەوە لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق.
باس لە ئەوەش دەکات: لەمانگەكانی (تەموز و ئەیلول و تشرینی یەكەمی) ئەمساڵ بە سێ نووسراو و بەناردنی شاند وەزارەتمان داواكاری گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بەمەبەستی دابینكردنی نەوتی سپی بەهەمان نرخی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بە پشت بەستن بە داواكاریی و هەوڵەكانی وەزارەتمان داواكاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بۆ ئەنجومەنی باڵای ئابووری حكومەتی عێراق بەرز كردووەتەوە بەمەبەستی رەزامەندی دەربڕین.
لەبارەی نرخی نەوتی سپییەوە وەزارەتەکە دەڵێت: لەكاتی دەستپێكردنی ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەهەر نرخێك بێت كە دیاریكرابێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاوڵاتییان دابەشیدەکات.
کامەران کەریم