زایەڵە - دادگای فیدڕاڵیی عێراق داوایەكی رەت كردەوە كە تایبەت بوو بە پابەندكردنی حكوومەتی فیدڕاڵی بە وادەكانی پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە كاتێكی دیاریكراودا.
دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە پێگەی خۆیدا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ دانیشتنێكی تایبەتیان هەبووە بە داوای ژمارە (227 / اتحادية / 2023) كە لە لایەن كەسێك بە ناوی مەحموود ئەلعگێلی، ئەمینداری گشتیی حزبی ئوممەی عێراقییەوە لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرەڕای كارەكەی تۆمار كراوە.
بەپێی ماڵپەڕی دادگای فیدڕاڵی بێت، ناوەڕۆكی داواكە تایبەت بووە بە خەرجكردنی شایستە داراییە دواخراوەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی 2023ی عێراق هاتووە لەگەڵ پابەندكردنی حكوومەتی فیدڕاڵی بە زەروورەتی پابەندبوون بە وادەی دیاریكراو بە مەبەستی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وەك فەرمانبەرانی دامەزراوە و فەرمانگەكانی پارێزگاكانی عێراق.
هاوكات ئەوە ئاشكرا كراوە كە بڕیار دراوە بە ڕەتكردنەوەی داواكە بە پاساوی نەبوونی بەرژەوەندیی داواكار لە وەگەڕخستنی داواكەیدا.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەیەكی زۆرە چاودێران جەخت لەوە دەكەنەوە كە دادگای فیدڕاڵی تەنیا ئەو داوایانە قەبووڵ دەكات كە لە بەرژەوەندیی گرووپە وەلائییەكانی نێو پێكهاتەی شیعەن و سەرجەم بڕیارەكانیشی بە ویستی ئەو گرووپانە دەردەكات.
کامەران کەریم