زایەڵە - وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ پابەندن بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هاوڵاتیان و بەتایبەت فەرمانبەران و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ زامنکردنی مافەکانیان

وەزارەتی دارایی و ئابوریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، جەخت لە بەرنامەی روون و راشکاو لەبەرامبەر پاراستنی مافە داراییەکانی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق و بەتایبەت فەرمانبەران دەکەینەوە، بەردەوام لە هەوڵداین بۆ زامنکردنی مافە داراییەکان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە داراییەی کە جیهانی پێداتێدەپەڕێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لای هەمووان ئاشکرایە وەزارەتی دارایی لایەنی جێبەجێکارە، ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو یاسا و بڕیارانەیە کە لە دەسەڵاتە باڵاکانەوە دەردەچن، دۆسیه‌ی هاوسه‌نگكردن و گۆڕانكاری له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش به‌تایبه‌ت له‌ئه‌ستۆی به‌رپرسیارێتی وه‌زاره‌تی دارایی نییه‌.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێشنیارمان كردووه‌ بۆ لیژنه‌ی فه‌رمانی دیوانی ژماره‌ 24 كه‌ ئاگاداری بۆ وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكان و سه‌رجه‌م پارێزگاكان ده‌ربكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی داتای پێویست سه‌باره‌ت به‌مووچه‌خۆران، بڕیاری زیادكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ پۆله‌كانی (هه‌شته‌م، نۆیه‌م، ده‌یه‌م) وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌مه‌ بۆ پاراستنی گروپه‌ كه‌م داهاته‌كان، له‌ئێستاشدا رێكاره‌كان ته‌واوكراون و راسپارده‌كانی لیژنه‌ی فه‌رمانی ئه‌میندارێتی گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ هاوسه‌نگكردنی مووچه‌ كراوە، دوای كۆتایی هاتنی كاره‌كان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت.

ئەمە لە کاتێكدایە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 24 و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رێکەوتن کە کەمترین مووچەی مووچەخۆری عێراق 425 هەزار دیناری عێراقی بێت.

کامەران کەریم