زایەڵە - وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "ئەگەر هێرشەکانی سەر غەززە بە زووترین کات رانەگیرێن، ئەگەری فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە بەهێزتر دەبێت". 

 وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی رۆژی شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023  لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی دوایین گۆڕانکارییەکانی غەززە و هاوکاری ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیان کرد.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەو پەیوەندییەدا حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان جەختی لە وەستانی شەڕی غەززە کردەوە و گوتی: "پێویستە بە زووترین کات هێرشە سەربازییەکانی رژێمی زایۆنی بۆسەر خەڵکی غەززە بوەستێن و رێگەی ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە بکرێتەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری لەبارەی راگواستنی زۆرەملێ و کۆچی بە ناچاری خەڵکی غەززە دا و گوتی، "ئەگەر ئەو هێرش و تاوانانە لە غەززە رانەگیرێن، ئەگەری پەلهاوێشتن و فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە بەهێزتر دەبێت".
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە؛ "ئەمریکا هاندەر و پشتیوانی ئیسرائیلە بۆ هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە و کوشتنی خەڵکی سڤیل."