زایەڵە ـــ ناوەندی دھۆک- فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی شاخ، لە دەڤەری پارێزگای دھۆکی ڕەنگین ڤیستیڤاڵێکی گەورە بەڕێوە دەبات.

"وەھبی مەھدی" بەرپرسی ناوەندی دھۆک- فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ پەیجی فەرمی فیدراسیۆن ڕایگەیاند، ڕۆژی جیھانیی شاخ ڕۆژێکی گەورەی جیھانییە و لەلایەن ڕێکخراوی "فاو" و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە پشتیوانیی دەکرێت، بۆیە ئێمەش دەخوازین ئەو ڕۆژە لە کوردستان بەرز ڕابگرین و لەژێر چاودێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستاندا ڤیستیڤاڵێکی نموونەیی بەڕێوەببەین. 

ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند، ڕۆژی جیھانیی شاخ بۆ یەکەم جارە لەسنووری پارێزگای دھۆک یادی دەکرێتەوە، بۆیە ھەموو چەشنە ئامادەکارییەک دەکەین بۆئەوەی ڤیستیڤاڵێکی گەورە و پڕناوەرۆک ڕێک بخەین.

بەپێی لێدوانی ناوبراو، پارێزگاری دھۆک"د.عەلی تەتەر"، ھەموو چەشنە ھاوکاری و پشتگیرییەکی بۆ ڕێکخستنی ڤیستیڤاڵی ڕۆژی جیھانیی شاخ دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە دەبێ ئەم ڕۆژە بە شکۆ و ڕێزەوە یادی بکرێتەوە.

ئەگەرچی ڕۆژی جیھانیی شاخ ڕۆژی ١١ی دیسامبرە، بەڵام ڤیستیڤاڵەکەی دھۆک لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی دیسامبری ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێت. ئەمەش بۆئەوەيه کە ڕۆژی ھەینیی بەسەردادێت و ڕۆژانی ھەینیش لە کوردستان پشووی فەرمییە، ئەمەش وادەکات زۆرترین جەماوەر لە گرووپەکانی شاخەوانیی و ئارەزوومەندانی سرووشت بەشداری لەو ڤیستیڤاڵەدا بکەن.

فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، وەکوو ئۆرگانێکی فەرمی سەرپەرشتیکردنی وەرزشەکانی شاخ و شاخەوانیی لە کوردستان، بەچاوێکی پڕ بایەخەوە لە ڕۆژی جیھانیی شاخ دەڕوانێت و ساڵانەش بەشێوازی جۆراوجۆر و بە ڕێکخستنی ڤیستیڤاڵ و ئەنجامدانی چالاکی ھەمەجۆر، یادی ئەو ڕۆژە لە کوردستان دەکاتەوە.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، (١١ی دیسامبر)ی ھەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیھانیی شاخ ناوزەد کردووە. ئەم ناولێنانەش لە ٥٧مین دانیشتنی ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی (٢٠٠٢) سەرچاوەی گرتووە.

فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
بەشی ڕاگەیاندن.