زایەڵە - سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات : لە سلێمانییەوە زێر بە "قاچاخ" دەبرێتە ئێران و بەهۆی بەهۆی کێشەی گومرگەوە 95٪ی کۆمپانیاکان، مەرزی باشماخیان بەجێ هێشتووە.
شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ میدیای پارتی کردووە و رایگەیاندووە: ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی بازرگانیی زێڕی ناوچەکە و بازرگانانی زێڕ لە دوبەیەوە زێڕی قاڵب، هاوردەی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر دەکەن.
باسی لەوەشکردووە: لە سلێمانییەوە زێڕ بە قاچاخ هەناردەی ئێران دەکرێت.
لەبارەی دۆخی بازاڕەوە شێخ مستەفا وتوویەتی لە هەرێمی کوردستان بازاڕ سست بووە و بەهۆی نەبوونی مووچەوە 25٪ بازاڕی سلێمانی لاواز بووە، ئەم لاوازبوونەی بازاڕیش وایکردووە کە هاوردەکردن کەمبکرێتەوە.
هەروەها دەڵێت:بازرگانانی کورد روویان لە دەروازە گومرگییەکانی عێراق کردووە، چونکە لە عێراق و بەتایبەتی لە بەسرە کارئاسانی زۆر بۆ هاوردەکاران دەکرێت و هەر کۆنتێنەرێک کاڵا زیاتر لە 3 هەزار دۆلار لە گومرگدا جیاوازی هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و لە عێراق هەرزانترە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە :کە بەهۆی کەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی و رووکردنە دەروازەکانی عێراق لەلایەن بازرگانانی کوردەوە، 95٪ی ئەو کۆمپانیایانەی کاری گواستنەوەی کاڵا دەکەن مەرزی باشماخیان بەجێهێشتووە و چوون لە بەسرە کاردەکەن.
کامەران کەریم