زایەڵە - سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی سۆران دەستگیركردنی دوو كەس لەسەر رووداوەكە رادەگەیەنێت.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: لەدوای دروستبوونی رووداوەکەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تەندروستی گەیشتونەتە شوێنەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و بەھاناوەچوونی قوربانییەکان.
روونیشیكردەوە: لەسەر رووداوەكە دوو كەس دەستگیركراون كە پێكدێن لە خاوەنی باڵەخانەكە و خاوەنی مۆبیلیاتی باڵەخانەكە.
دەربارەی هۆكاری زۆریی ژمارەی قوربانیانیش هەڵگورد شێخ نەجیب وتی: ھۆکارێکی سەرەکی ئەوەیە قوربانییەکان ھەوڵی خۆڕزگارکردنیان نەداوە، بەوپێیەی ھیچ کەس لە قوربانییەکان نەسوتاون و، بە دوکەڵی ئاگرەکە گیانیانلەدەستداوە.
باسی لەوەشكرد: وەك ئیدارەی سۆران دەست بە رێکارەکان دەکەن و پێداچوونەوە بە سەرجەم باڵەخانەکاندا دەکەن.
شەوی رابردوو ئاگر لە باڵەخانەیەک لە سۆران کەوتەوە و بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوتی دیكەش برینداربوون.
کامەران کەریم