زایەڵە - کاردۆ عوسمان هەورامی نوسەر بەزایەڵەی ڕاگەیاند: وا بریاره‌ 18ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ 15 پارێزگای عێراق به‌ڕێوه‌بچێت،ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ماوه‌ی هه‌ژده‌ ساڵه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و هه‌مووان چاویان له‌ وه‌رگرتنی زۆرترین كورسی پارێزگاكه‌یه‌ كه‌ شانزه‌ كورسی به‌ركه‌وتووه‌، كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی پارێزگاكه‌ سه‌یری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كات و ئومێدی به‌ گۆڕینی دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌كه‌ی هه‌یه‌.

وتیشی:كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌دا، چاوی له‌ ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت زۆرترین كورسی به‌ده‌ستبهێنێت،چونكه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ رێگایه‌ كه‌ بتوانێت دوای رووداوه‌كانی راپرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان جارێكی دیكه‌ بوونی خۆی بسه‌لمێنێته‌وه‌،هه‌رچه‌نده‌ ناتوانێت وه‌ك رابردوو به‌ هێزی زۆره‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌،چونكه‌ له‌پاڵ لایه‌نی سیاسی لایه‌نی ئه‌منی و ئابوری گرنگه‌ بۆ به‌هێز بوونه‌وه‌، كه‌ ئێستا كورد ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌توانن زۆر شت بگۆڕن، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك ئه‌گه‌ر بتوانرێت كورسی پێویست به‌ده‌ستبهێنرێت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن،ئه‌وا به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌ سته‌می سه‌ر كورد هه‌ڵده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌شداری كورد له‌و پارێزگایه‌ و خۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوك و به‌غداد خاوه‌ن هێز و حساب بۆ كراوه‌.

ڕونیشیکردەوە:له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی دوای ساڵی 2003، كورد زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی پارێزگاكه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌،له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌مجاره‌ش چاوه‌روانی هه‌مان ئه‌نجامن، تا راده‌یه‌كی زۆریش ئه‌م ئه‌نجامه‌ لای عه‌ره‌ب و توركمان روون بۆته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایه‌ دوابخرێت و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێگای دادگا و سكاڵاوه‌، دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رگێكی یاسایی له‌به‌ر بكه‌ن،چونكه‌ روون بۆته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كورد به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌شداری بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هێشتا هه‌ڵبژاردنه‌كان چاره‌نوسی پارێزگاكه‌ یه‌كلایی ناكاته‌وه‌،چونكه‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی به‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌ ماده‌ی 140 نه‌ك ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان،به‌ڵام زۆر لایه‌ن ده‌گۆڕێت، وه‌ك دۆخی كورد له‌ پارێزگاكه‌، گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری به‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان، ته‌نانه‌ت نزیك بوونه‌وه‌ له‌ دۆخی پێش رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، چونكه‌ پێشتریش كه‌ركوك به‌ فه‌رمی نه‌گه‌رابووه‌ سه‌ر هه‌رێم به‌ڵام ئاڵای كوردستان له‌ دام و ده‌زگاكان هه‌ڵده‌كرا، كورد خاوه‌ن بریاری كۆتایی بوو،هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌هۆی بریاری پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌ بوو، بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بكرێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك كۆتایی هاتنی دۆخی سه‌پێنراوی پارێگاكه‌.

ئەوەشی خستەڕوو:ئه‌گه‌ر كورد له‌ كه‌ركوك كورسی زۆرینه‌ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌،ئه‌وا له‌ به‌غداد و حكومه‌تی ناوه‌ندیش حساب بۆ كراو ده‌بن،  چونكه‌ ده‌بنه‌ ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی كه‌ركوكییه‌كان، كه‌ هیچ لایه‌نێك ناتوانێت ئه‌م ئیراده‌یه‌ له‌ناو به‌رێت، به‌ڵام گه‌یشتن به‌م ئه‌نجامه‌ پێویستی به‌ كاری پێكه‌وه‌یی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌هه‌مووی گرنگتر پێویستی به‌خۆداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و هه‌ڵه‌و كارانه‌ی پێشتر كراوه‌، بۆته‌ هۆی نیگه‌رانی كورد و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ دووباره‌ نه‌كرێته‌وه‌ و ته‌نها وه‌ك ئه‌زمونێكی شكستخواردوو سه‌یر بكرێت،چونكه‌ هه‌ندێك كاری نایاسایی و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردن و خۆسه‌پاندن، نه‌ك عه‌ره‌ب و توركمان به‌ڵكو كوردیشی بێزار كردبوو.له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بووترێت ئه‌وه‌یه‌، گه‌له‌كه‌مان له‌ كه‌ركوك به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن و ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ بده‌نه‌وه‌ به‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، چونكه‌ ده‌ركه‌وت هه‌ر بوونی كورد له‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ باشتره‌، بۆ هێزه‌ كوردییه‌كانیش گرنگه‌ زۆر به‌ باشی بزانن به‌شێك له‌ كاره‌كانی رابردوویان هه‌ڵه‌بووه‌، ده‌بێت ئه‌زمونێكی نوێ پێشكه‌ش بكه‌ن و بۆ  كورد و حكومه‌تی ناوه‌ند و هێزه‌ هه‌رێمییه‌كانی بسه‌لمێنن كه‌ركوكیان به‌هۆكاری ئابوری ناوێت، به‌ڵكو بۆ خزمه‌ت و كوردبوون ده‌یه‌وێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌هجه‌ جێبه‌جێ نه‌كه‌ن،ئه‌وا كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بژارده‌ی جگه‌ له‌ كوردی له‌به‌رده‌ستدایه‌.

کامەران کەریم