زایەڵە - دەزگای دژە تیرۆری عێراق، دوو کەس بە تۆمەتی تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی و دوو کەسی دیکەش لە نەینەوا دەستگیردەکات. 
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئێوارەی سێشەممە، 12-12-2023) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی دژەتیرۆر بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی کوردستان "دوو تیرۆریست"ـیان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد.
 
هەروەها شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، هێزەکانی دژەتیرۆر دوو "تیرۆریست"ـی دیکەیان لە پارێزگای نەینەوا دەستگیرکردووە. 
 
زۆر جار هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هاوئاهەنگی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆن دەکەن و کەسانی گومانلێکراو دەستگیردەکەن.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 14ـی ئابی 2023، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکرد."