زایەڵە - ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و لە بەشێکیدا کێشەی کەمی کارەبای نیشتمانیی تاووتوێ دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنی ڕێكارەكانی فریاگوزاریی شارستانی و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی رووداوی ئـاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە لە 8ـ ی ئەم مانگەدا روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
ئاشکراشیکرد، لەبەشی دووەمی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری كۆتایی لەسەر ڕاپۆرتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خستنەڕووی راسپاردە و چارەسەرەکان دەدرێت، کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا خرابووەڕوو و بڕیاردان لەسەر ڕاپۆرتەکە بۆ کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دواخرابوو.
بڕیارە لە بەشی لەبارەی ڕەوشی كارەبا و گرفتی کوژانەوەی گشتیی سیستمی کارەبا و هەوڵی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەڕانەوەی كارەبا و بەرنامەی پریپەید و نرخەكەی تاووتوێ دەكرێت.
کامەران کەریم