زایەڵە - وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند:  بایکۆتی مامۆستایان کاریگەریی هەبووە لەسەر پڕۆسەی خوێندنی ئەو ناوچانەی دەوامیان نەکردووە، بەڵام خوێندنی ئەمساڵ دواناخرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەربارەی بایکۆتکردنی دەوام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕایگەیاند: ئومێدەوارین مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دەستبکەنەوە بە خوێندن، چونکە کاتێکی زۆر ڕۆیشتووە.

ڕوونیکردەوە:  بایکۆتەکە تەنها کاریگەریی لەسەر خوێندنی ئەو ناوچانە هەبووە کە دەمیان نەکردووە و ڕاشیگەیاند، دەستپێنەکردنی دەوام کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندنی ئەو ناوچانە هەبووە کە دەوامیان تێدا نەکراوە، بەڵام ساڵی خوێندن دواناخرێت.

وەزیری پەروەردە لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی بۆ داواکارییە یاسایی و ڕەواکانی مامۆستایان، بەڵام بەرپرسیارێتی دواکەوتنی مووچەی خستە ئەستۆی حکومەتی عێراق و وتی: عێراق هۆکاری سەرەکییە.

ئەم لێدوانەی وەزیری پەروەردە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا خوێندن لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین دەستیپێنەکردووەتەوە و مامۆستایانی ناڕازیش بە هۆی دواکەوتنی مووچە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژەوە بەردەوامن لە بایکۆتکردن.

کامەران کەریم