زایەڵە - لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند؛ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عێراق كارێكی قورسە،دەكرێت حكومەت هەمواری بكاتەوەو رەوانەی پەرلەمانی بكات.

بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی سەباح، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی دەڵێت, یاسای بودجە دوای دیراسەیەكی چڕوپڕ لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكانەوە بڕیاڕی لە بارەوە دەدرێت, پرۆسەی هەمواركردنەوەشی گرێدراوە بەوەی لەلایەن حكومەتەوە بۆیان بنێرێت بەوپێیەی یاسایەكی داراییە.

محەمەد خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی رایگەیاندووە: یاسای بودجە لەڕووی كرداریەوە تا ئەم ساتە هیچ هەموارێكی تیادانەكراوە, بڕیاردانیش لەبارەیەوە پێویستی بە دیراسەیەكی چڕوپڕە, ئەگەر لەلایەن حكومەتەوە بۆیان رەوانە بكرێت یان لەلایەن هەردوو لیژنەی دارایی و یاساییەوە بێت.

لەڕووی شكڵییەوە دەكرێت یاسای بودجە هەمواربكرێت, بەڵام لەڕووی كرداریەوە كارێكی زۆر قورسە, بەوپێیەی یاسایەكی زۆر گەورەیەو خشتەو خەرجی تیادا نوسراوە بەپێی دیراسەكانی رابردوو.

ئەگەر یاساكە هەموار بكرێت, بڕگە داراییەكانی فراوان دەكرێت بەگوێرەی جۆری ئەو بڕگانەی بۆی زیاد دەكرێت.

لە حاڵەتی بوونی كێشەی یاسایی لە بودجە, حكومەت دەتوانێت دەستبكات بە هەمواركردنی, بەوپێیەی یاسایەكی داراییەو ئەو پەیوەندارە بە هەمواركردنی, دواتر بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران.

کامەران کەریم