زایەڵە - ئارێز عەبدوڵا جەخت لەسەر تێکچوونی  بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵات دەکات و دەڵێت؛  ئێمە لەناو ناسەقامگیرییەکی سیاسی گەورەدا دەژین.

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند: بەرەو هەرلایەک دەڕۆین هەر خانووە و بەرزکراوەتەوە. سەر گردەکان، سەرچیاکان، دەم ئاوەکان،دەشتەکان، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان هەمووی بۆتە ئاوایی. ئەگەر وەک وێنە سەیری ئەو ئاوەدانیەی وڵات بکەین جوانە، بەڵام کاتێک لێی ورد دەبینەوە دەبینین زۆربەی هەرە زۆری خانو و باڵەخانەکانی دەرەوەی شار و گوندان بۆ کات بەسەربردن و پشوو دروستکراون، ئەوەش جێی خۆشحاڵیە و لەو خەڵکە پیرۆزبێ، بەڵام ئەوەی جێی داخە لە بێ پلانی ئەم دوو خاڵە مەترسیدارە لەبەر چاو نەگیراون.

وتیشی: یەکەم  تێکچوونەوەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵات، چونکە ئێمە لەناو ناسەقامگیرییەکی سیاسی گەورەدا دەژین.دووەم قەیرانی کەم ئاویی و وشکە ساڵی. گۆڕانی کەش و هەوا دیاردەیەکی جیهانییە، زۆر خراپیش کوردستانی گرتۆتەوە، بۆیە تا دێ ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی بەرەو کەم بوونەوە دەچێ. هەر ئێستا زۆر لەو شوێنانەی وەک هەوار ئاوەدانکراونەتەوە ئاوی بیریشیان نەماوە، باشە ئەدی دوای چەند ساڵی تر چۆن دەبێ،ئایا ئەو کەسانەی پارەیەکی زۆر لەو شوێنانە خەرج دەکەن نابێ بیر لەو کێشە گەورەییە بکەنەوە،بەداخەوە دەسەڵاتیش لەو بوارەدا بێ دەنگە، نەک پلانێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو هۆشیاری پێویستیش بڵاوناکاتەوە،دەبێ وریا و ژیرتر بین، چونکە دنیا شامی شەریف نییە.

کامەران کەریم