زایەڵە - هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر رایدەگەیەنێت، بۆ رێگرتن لە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی وڵات و رشتنی خوێنی رۆڵەكانمان، هیچ چارەیەكی تر نییە و دەبێت هێزەكانی ئەمریكا عیراق بەجێبهێڵن.
بەپێی راگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ سێشەممە، لەلایەن هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر بڵاوكرایەوە"سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای بابل و واست هێرشی دڕندانە كرایە سەر هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی حەشدی شەعبی، بۆ رێگرتن لەم جۆرە دەستدرێژییانە و بەدەستهێنانەوەی سەروەریی خاكی وڵات و شكۆی نیشتمان، پێویستە هێزەكانی ئەمریكا و هێزە بیانییەكان وڵات بەجێبهبڵن".
عامری بەپێویستی دەزانێت، حكومەتی عیراق خشتەیەكی كاتی بۆ چوونەدەرەوەی ئەو هێزانە لە وڵاتدا دیاریی بكات "چونكە بونیان لە وڵاتدا پێویست نییە، بگرە دەبێتە مایەی وێرانكاریی و خوێنڕشتن".