زایەڵە - پارێزگاری سلێمانی پەیامێك لەبارەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن رادەگەیەنێت و دەشڵێت: وەڵامدانەوەی هەوڵی دڵسۆزانەی هەمووان بۆ بەرجەستەكردنی داوا رەواكانی مامۆستایان و مووچەخۆران دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن دەهێنێتەكایەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە رایگەیاند: وەڵامدانەوەی هەوڵی دڵسۆزانەی هەمووان بۆ بەرجەستەكردنی داوا رەواكانی مامۆستایان و مووچەخۆران كەشێكی نوێ و سەرەتایەكی نوێ بۆ دروستكردنەوەی متمانە لە نێوان هاوڵاتییان و حكومەت و چارەسەركردنی خۆماڵیانەی هاوبەش و لۆژیكی بەرپرسیارێتی لە بوێریی بڕیاردان ودەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندندا دەهێنێتەكایەوە.
دەشڵێت: ئومێد دەكەم هەموو ئەو هەوڵ و هیممەت و هەنگاوانەی لەم پێناوەدا دراون و نراون بەرهەمداربن و بەپێی ئەو گفت و بەڵێن و پەیمان و گیانی بەرزی بەرپرسیارێتیانەی بە ئێمە دراون بمانگەیەننە ئامانج، هۆكارەكان چارەسەربكرێن و هەموو خۆ بە براوە بزانین، ساڵی نوێ مژدە و بەشارەت و بەرات و بەخششی نوێی دەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت پیرۆزبێت.
کامەران کەریم