زایەڵە - گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزێکی لە یاسا دەرچوو رایگەیاندووە، لە رێگەی درۆنەوە بارەگایەکی ئیسرائیلیان لە هەولێر بۆردومانکردووە و ئەم هەواڵانەی ئەم گرووپ و هێزە نایاساییانە بێ بنەمان و دوورن لە راستییەوە.

رۆژی هەینی (29ـی کانوونی یەکەمی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "هێزێکی لە یاسا دەرچوو رایگەیاندووە، لە رێگەی درۆنەوە بارەگایەکی ئیسرائیلیان لە هەولێر بۆردومانکردووە. ئەم هەواڵانەی ئەم گرووپ و هێزە نایاساییانە بێ بنەمان و دوورن لە راستییەوە و هیچ بارەگا و بنکەیەکی ئیسرائیل لەهەرێمدا بوونی نییە".

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە ئامانجگرتنی هەولێر هەرجارەی بە بیانوێک تەنیا سەرلێشێواویی ئەم گرووپانە دەردەخات و کارێکی ترسنۆکانە و تیرۆریستییە".