زایەڵە - وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا وەڵامی راپۆرتی كەناڵێك دەداتەوە و دەڵێت، بۆ ئەوەیە راستییەكان وەكو خۆی بگات.
بەشێك لە خاڵەكانی روونكردنەوەكە:
1- بەدرێژایی ساڵی 2023 وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 10 مووچەی تەواومان دابەشکردووە کە مووچەیەکیان هی مانگی 12ی ساڵی 2022 بووە و، 9 مووچەشیان هی ساڵی 2023 بووە، لە ساڵی 2023 حکومەتی عێراق تەنها چوار ترلیۆن و 298 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کە لەو ژمارەیە سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری وەک قەرز بووە و، 598 ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیران هەژمارکراوە.
2- پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی 2023ی عێراق نزیکەی 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینار بووە، بەڵام بە پێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخانکردووە نزیکەی (شەش ترلیۆن و 300 ملیار دینارە)، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی (11) ترلیۆن دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی پێنج ترلیۆن دینارە کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم.
3- یەکێکە لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی 2023 عێراق بوونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی (خەرجی کرداری) بوو کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 مانگانە لە دەوروبەری 500 ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە 913 ملیار دینارە بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون، ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی ( ٢٥ ) ملیار دینارە، بەهۆی ئەو کورتهێنانەی زۆرەی بۆ مووچە دروستبوو بوو ئەگەر لە 100٪ داهاتی ناوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەین هێشتا بەتەواوی ناتوانرێت مووچەی پێدابەشبکەین بۆیە هەندێک مانگ ناچاربوین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتهێنانەکە نزیکەی 340 ملیار دینار بوو.
4- داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارە و لە ساڵێکدا نزیکەی چوار ترلیۆن دینارە بەپێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە کە بەشی زۆری ئەو داهاتە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکیەوە بەدەستدێن لەوانە داهاتی (گومرگ و باج و کارەبا و هاتوچۆ و بەڕێوبەرایەتیەکانی تۆماری خانوبەرە)، بەڵام بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزە و دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان کە بەپێی یاسا و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆیان تەرخانکراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی170 بۆ 200ملیار دینارە.
5- زیاتر لە دوو ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ لە ساڵی 2023 بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو 10 مووچەیە بەکارهێنراوە کە بەدرێژایی ساڵی 2023 دابەشکراوە، پاشماوەکەشی بۆ خەرجیەکانی بەکاربردن (پێشینە و خەرجی مانگانەی دامودەزگاکانی حکومەت) دەڕوات و شتێکی ئەوتۆی بۆ خەرجی وەبەرهێنان نامێنێتەوە.
6- خەرجی مانگانەنەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پێشینەی وەزارەت و دامودەزگاکان مانگانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی 170 ملیار دینارە و ئەوەش هەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابیندەکرێت کە لە ساڵێکدا نزیکەی دوو ترلیۆن دینارە.
7- ئەو 320 ملیار دینارەی داهاتی ناوخۆ هەمووی کاش نییە و بەشێکی چەک و قەرز و ئامانەتە، بەلامانەوە گرنگە رای گشتی و میدیاکانیش بزانن حکومەتی هەرێم تەنها دابەشکردنی مووچەی لە ئەستۆ نییە، بەڵکوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان و چەندین بەرپرسیارێتی تری دارایی لە ئەستۆیە کە مانگانە دەبێت پارەی بۆ تەرخان بکات.
کامەران کەریم