زایەڵە - بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی خۆراک رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی بازرگانی بۆ ساڵی نوێ ئامادەکاریی بۆ کردنەوەی ١٥ سەنتەری بازرگانی لە تەواوی عێراقدا دەکەن کە تێیدا نرخی خۆراک و شتومەک بە رێژەی ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ کەمتر دەبێت بەراورد بە نرخی بازاڕ.
لوما موسەوی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی خۆراک رایگەیاند، ئامادەکاریی دەکەن بۆ کردنەوەی ١٥ سەنتەری بازرگانی بۆ فرۆشتنی خۆراک و شتومەک بە هاوڵاتیان کە نرخی هەر کاڵایەک ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ لە نرخی بازاڕ کەمتر دەبێت و حەوت سەنتەریان لە پارێزگای بەغدا دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لەوەی بە گشتی هاوڵاتیان سوودمەند دەبن لەو پڕۆژەیەدا، کەمکردنەوەی نرخەکان بۆ سێ توێژی دیکەی کۆمەڵگە کە بریتین لە ئەو کەسانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسوکاری شەهیدان زیاتر دەبێت.
باسی لەوەش کرد، سەنتەرەکان لە ساڵی داهاتوودا دەکرێنەوە لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا حەوت سەنتەریان لە گەڕەکی حوریەی بەغدا دەبێت و پێش مانگی ڕەمەزان دەکرێتەوە.
ئەوەشی خستە روو، ئەو سەنتەرانە بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت دەبن و تەواوکەری ئەو شوێنانەی تر دەبن کە ئەمساڵ کراونەتەوە بەڵام گشتگیرتر و فراوانترن دەبێت.
سەبارەت بە ئەگەری زیانگەیاندن بە بازرگانانی خۆراک ئەوەی خستە روو، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کاریگەری لەسەر بازرگانان دروست نەکات و زەرەر مەند نەبن، حکومەت رێگەیان پێدەدات کەرەستە و کاڵاکانیان بە دۆلار بەنرخی فەرمی بانکی ناوەندی هاوردە بکەن و رێژەی باجیان لەسەر کەم دەکاتەوە.
December 30, 2023