زایەڵە - ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە؛ "دابەشبوونی وتاری دینی لە کوردستان بۆ چەندان بەرە و لق و تەفسیری دینیی و دابەشبوونیشی لەنێوان دوو جوگرافیای سیاسی هەرێمی کوردستاندا لە روانگەی هێرشی درۆنەکانەوە، جگە لە باڵابوونی ویستی سیاسی بەسەر هێز و پیرۆزیەتی دیندا هیچی دیکە نییە، بێئەرزشبوونی ئەم وتارە لەو شوێنەدایە کە بەیەک هێزی دینی دابەشی هەموو کوردستان نەکرێت و هێرشەکانی سلێمانی و کەلار و چەمچەماڵ و پێنجوێن و عەربەت و دوکان لەناو ئەم وتارە دینییەدا جێگەی نییە، بەڵام کاتێک درۆنەکان دەگاتە هەولێر بە (پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام) ناودەبرێن."
ئازاد ئیبراهیم ئەحمە دنوسەرو ڕۆژنامەنوس بەزایەڵەی ڕاگەیاند: پۆل ریکۆر ــ ی فەیلەسوفی فەرەنسی پێیوایە "فرە تەفسیری و ئەو هەموو گروپ و باڵ و لقانەی لە دینی ئیسلام جودا بوونەتەوە، کاریگەری خراپی لەسەر خودی دین و هەڵگرانی دینەکەش هەبووە"، ئەو فەیلەسوفە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت "ئەو زەرەر و زیانەی فرە بەرەیی بە دینی ئیسلامی گەیاندووە ، ئێمەی مەسیحی و خۆرئاوایی ئەو زەرەرەمان بە دین نەگەیاندووە،دابەشبوونی وتاری دینی لە کوردستان بۆ چەندان بەرە و لق و تەفسیری دینیی و دابەشبوونیشی لەنێوان دوو جوگرافیای سیاسی هەرێمی کوردستاندا لە روانگەی هێرشی درۆنەکانەوە، جگە لە باڵابوونی ویستی سیاسی بەسەر هێز و پیرۆزیەتی دیندا هیچی دیکە نییە، بێئەرزشبوونی ئەم وتارە لەو شوێنەدایە کە بەیەک هێزی دینی دابەشی هەموو کوردستان نەکرێت و هێرشەکانی سلێمانی و کەلار و چەمچەماڵ و پێنجوێن و عەربەت و دوکان لەناو ئەم وتارە دینییەدا جێگەی نییە، بەڵام کاتێک درۆنەکان دەگاتە هەولێر بە (پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام) ناودەبرێن، ئەم زاڵبوونە سیاسییە بەسەر پانتایی وتاری دینییدا، جگە لە دینفرۆشییەک لە پێناوی کڕینی پێگە و پۆستی سیاسی و مانەوەی هەندێک پیاوی ئاینی وەک کارەکتەری دوانەیی سیاسی ــ دینی، هیچی دیکە نییە.
وتیشی: دین موجەڕڕەد شتێکی رۆحیی ــ مرۆییە، هۆ و ئەسباب نزولیشی بۆ چاکەی گشتی بووە بە پێی مەکان و زەمانی ئایەتەکان و سورەتەکان، بۆیە ئەگەر بۆ هەر ئامانجێک لە مرۆڤ و مەبەستە چاکسازییەکەی دوورخرایەوە، ئیدی لە بری ئەوەی جوانی راستەقینەی دەربکەوێت و هێزی راستەقینەی خۆی پیشان بدات، دەبێتە مەترسی بەدەست ئەو بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژییە سیاسییانەوە کە مانای راستەقینە و جوانیی لە دین وەردەگرنەوە.پێویستە چەندە دژی هەر دیاردەیەکی وەک خاکفرۆشین و دژی ئەو حزب و تەیار و بەرپرسانەین کە دەستکێشی بێگانەن بۆسەر خاک و وڵاتمان، هێندە و زیاتریش دژی ئەو بەناو مەلا و پیاوانەی دین بین کە دین بۆ مەرامی کەسی بەکاردەهێنن و دەیفرۆشن، یان هێزی سیاسی دەتوانێت بەرزو نزمی، یان توند و نەرمی بەهەڵوێستی دینییانەوە بکات، بە بڕوای من "دینفرۆشی" زۆر و زیاتریش خراپترە لە "خاکفرۆشی"، دینفرۆشی وەک ئیدیۆم، چەندانجار بارتەقای خاکفرۆشی، گەورە و مەترسیدارترە، ئەمما دوو مۆدێلن لە بازرگانی، هەتا وردتر و بەدیقەتتر نەڕوانینە رووبەری دینی کۆمەڵگە و هەموو ئەو تایپ و فۆرمانەی دینداری کە کۆمەڵگەی ئێمەی دابەشکردووە بۆ چەندان گروپی گوێگری دینی، نەناسین، نازانین لەناو چ کارەساتێکی بازرگانی دینیدا دەژین و چەندە تێگەشتن لە دیندارییەکی راستەقینە قورس بووە، قورسبوون بە نەوعی قورسی ناسینەوەی ئەو مارکە ئەسڵانەی برنج و رۆن و گڵۆپ و قوماش و دەرمان و .هتد، کە لە بازاڕەکانی کوردستاندا نایدۆزینەوە.
ئەونوسەرە هێمای بەوەشکرد: قورسە بەهێڵێکی تەریب و هاوسەنگ خاکفرۆشێک و دینفرۆشێک جودا بکەیتەوە، تەنانەت تاوانی ئەم دوو مۆدێلە بازرگانە بەهیچ لۆژیک و مەنتقێک شایانی یەک جۆر سزا و دادگایی نین، وەک چۆن بە درێژایی مێژوو تاکی کورد و بەرەی ئیسلامی و عەلمانی، چەپ و راست، چەمکی خاکفرۆشیان رەت کردۆتەوە و قێزەونیان کردووە و وەک بکەرێکی بێئابڕو و داماڵراو لە مۆراڵ نەهییان لێکردووە، دەبێت لەناو خودی گروپ و هێزی ئیسلامی و عەلمانییەوە، دینفرۆشەکانیش رەجم بکرێن و ببێزرێن. مادام خاکفرۆشی تاوانە، عەیبە،بێئەخلاقییە، کەواتە دینفرۆشیش خاڵیبوونەوەی مرۆڤە لە تەواوی ئەخلاق و مرۆڤبوون و گۆڕینێتی بۆ جۆرێک لە لەدەستدانی کەسێتی و شوناس و بەمادیکردنی دینەکەی.ئەگەر فەرهەنگ و کەلتوور و مێژوو و ئەدەبیات و شۆڕشی کورد، تۆماری وشەیەکی کردووە بەناوی (خاکفرۆش) و لە مێنتاڵێتی تاکی کورددا چەندان وەچە و نەوەی دوایەکی ئەم چەمکە دەرکەوتووە، ئەوا هەر ئەم جیهانە سیاسییە ــ بازرگانییە ــ بە کاڵاکردنەی دین ــ ئەم فرە بۆچوونی و دابەشبوونە ناسروشتییە بەناوی دینەوە، هۆکارە بۆ ئەوەی چەمکی (دینفرۆشی)ش بەرهەمبهێنرێت و ئەمڕۆ بازاڕی ئەم بازرگانییە بە دینەوە لە دوێنێ قەرەباڵغتر و پڕ قازانجتر بێت.مادام دین و دینداری سەربەخۆ نییە! لە کوردستاندا و تێکەڵی کاری سیاسی کراون و ئیسلامی سیاسی لە گەشەدایە!، کەواتە هێزی پڕ جوانیی و کاریگەریی راستەقینەی دینیشمان نییە لەپێناو چاکەی گشتیدا کاربکات، هەموو مەلا و پیاوانی دینی ناو ئەم گروپ و ئەحزاب و رەوت و تەفسیرە جیاوازانەش، هەڵگری رۆحی باڵای پێشەوایەتی و سەرمەشقی چاکە (القدوەٓ) نیین، گوێگرتنیش لێیان پێویستی بە ئاگاییەکی قوڵ هەیە بۆئەوەی نەبینە داوی مەبەستە جۆراوجۆرەکانیانەوە.
کامەران کەریم